ڕێناس جانۆ: لە نێوان ئێمە و دەوڵەتی یاسادا شەڕ دروست نەبووە
ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان (رێناس جانۆ)، بە kdp.infoـی راگەیاند، پێشتر ئامادەكاری كرابوو بۆ ئەوەی كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بەردەوام نەبێت و كۆبوونەوەكە بەم شێوەیە بمینێتەوە، لە كۆتاییشدا دوا خرا.
سەبارەت بە دەنگۆی ئەوەی شەڕ لە نێوان ئەو و پەرلەمانتاری لیستی دەوڵەتی یاسا (كازم سەیاد)ـدا ڕووی دابێت، (رێناس جانۆ) گوتی: "بە هیچ جۆرێك شەڕ لە نێوان ئێمەدا ڕووی نەداوە، بەڵكوو تەنیا دەمەقاڵە بوو، ئەمەیش دوای ئەوەی هەرێمی كوردستانی بە خیانەتكار و تێكچوونی رەوشی ئەمنیی عێراق تۆمەتبار كرد، بۆیە منیش بە توندی وەڵامم دایەوە، ئەو تۆمەتەم رەت كردەوە و پێم راگەیاند كە سەركردەكانی ئێوە هۆكاری تێكچوونی رەوشی ئەمنیی عێراقن".
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ڕوونیشی كردەوە: "ئەو وێنەیەی بڵاو بووەتەوە كە لە (كازم سەیاد) دراوە، وێنەیەكی كۆنی خۆیەتی كە پێشتر لەلایەن خەڵكانێكی دیكەوە لێی دراوە، ئەگەر نا ئێمە وەكو فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە لەگەڵ ئەوەداین بە رێزەوە مامەڵە لەگەڵ هەموو لایەكدا بكرێت، بۆیە بەداخەوە كاتێك قسەی ناشیاو بە هەرێمی كوردستان گوترا، ناچار بووین وەڵامیان بدەینەوە".
(جانۆ) زیاتر گوتی: "ئەوەی دوێنێ لە پەرلەمان ڕووی دا، وامان لێ دەكات زۆر گەشبین نەبین بەوەی لە ماوەیەكی كەمدا حكوومەتی نوێ پێك بێت، بەڵام دواجار پێویستە بگەنە رێككەوتن، چونكە هیچ چارەی دیكە نییە".
