محەممەدی حاجی مەحموود: تا یەکلاکردنەوەی یەکجارەکی، کەرکووک جێ ناهێڵین
فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگە لە كەركووك (محەممەد حاجی مەحموود)، لە لێدوانێكدا بۆ KDP.infoگوتی، "ئێستا هەلێكی باش و قۆناخێكی تازە بۆ كورد هاتووەتە پێشەوە، ئەوەی چاوەڕوانیشمان دەكرد سەبارەت بە كەركووك و ناوچەكانی دیكە هاتە دی، هەموو خەباتی ئێمەیش لە پێناوی ئەوە بووە كە سەرجەم خاكی كوردستان بگەڕێتەوە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆمان".
لەبارەی داهاتووی عێراقی دوای ڕووداوەكەی مووسڵەوە، فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگە لە كەركووك دەڵێت، "ئەمە واقیعێكە لە عێراقدا هاتووەتە دی و سوننە و شیعەیش لەم وڵاتە ناتوانن بەم شێوە سیستەمەی هەیە بژین، بۆیە ئێستا هەرێمی سوننە خۆیان لە حكوومەتی عێراق جیا كردووەتەوە جا هەر ناوێك و هەر پێوەرێكی بۆ دابنرێت گرنگ ئەوەیە سوننە خۆیان جیا كردووەتەوە، لە هەمان كاتدا سنوورێكی تازە بۆ كوردستان دروست بووە، كە ئەوەیش وا دەكات پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لە نێوان هەولێر و بەغدادا نەمێنێت، چونكە لەلایەك بودجەمان دەبڕن و لەلایەك گرفت بۆ فرۆشتنی نەوت دروست دەكەن، جگە لەوانەیش باسی هێرش دەكەن، ئیتر ئەمانە پاڵمان پێوە دەنێن بڵێین پەیوەندیی ڕاستەوخۆمان لەگەڵ بەغدادا نەماوە".
گوتیشی، "پێشوازی لە هەر هەنگاوێك دەكەین كە كوردستان بەرەو هەنگاوی كۆنفیدراڵی ببات".
