لە جەلەولا پێشمەرگە 11 داعش دەكوژێت

لە جەلەولا پێشمەرگە 11 داعش دەكوژێت
پاش ئەوەی دوێنێ‌ لە شارەدێی جەلەولای سەر بە شارۆچكەی خانەقین، شەڕو پێكدادان لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و چەكدارانی داعش روویدا و بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك بەردوام بوو، هێزەكانی پێشمەرگە توانییان چەكدارەكان تێكبشكێنن و هەروەها 11شیان لێبكوژن.


كامەران حەمەجان بەرپرسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە جەلەولا ، بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ شەڕ و پێكدادانەكەی دوێنێ‌ كە لە نزیك بارەگای ناوچەی پارتی روویدا و بەهۆیەوە چەند گوللە ئار بی جی و چەكی دیكە بەر بارەگاكە كەوت، لە ئاكامدا هێزەكانی پێشمەرگە بە چەكی قورس رووبەروی ئەو چەكدارانە بوونەوە و توانییان تێكیان بشكێنن و ڕاویان بنێن و هەروەها ئەو ماڵانەش كە چەكدارەكان لێوەی تەقەیان دەكرد بەهۆی بۆردومانەكانەوە زۆربەیان سوتان.

كامەران حەمەجان راشیگەیاند، بە پێی زانیارییەكان كە بە دەستیان گەیشتووە لە شەرەكەدا 11 داعش كوژراون و هێزەكانی پێشمەرگەش خۆشبەختانە هیچ زیانێكیان بەرنەكەوتووە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا چەكدارەكان كشاونەتەوە بۆ ناو ئەو گەرەكەی كە بە دەستیانەوەیە و بە چەكی قەناس تەقە دەكەن و هێزەكانی پێشمەرگەش وەڵامیان دەدەنەوە.
Top