موحسین سەعدوون: بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی نەوتی هەرێمەوە زۆر ڕوونە

 موحسین سەعدوون: بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی نەوتی هەرێمەوە زۆر ڕوونە
جێگری سەرۆكی لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بڕیارەكەی دادگەی فیدراڵی زۆر ڕوونە بەوەی كە سكاڵای وەزارەتی نەوتی عێراقی ڕەت كردووەتەوە و مافی بە هەرێمی كوردستان داوە نەوت بەرهەم بهێنێت.

جێگری سەرۆكی لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی لە پەرلەمانی عێراق (موحسین سەعدوون)، بە kdp.infoـی راگەیاند، وەزارەتی نەوتی عێراق لە دادگەی فیدراڵی سكاڵاكەیان تۆمار كردبوو كە هەرێمی كوردستان مافی ئەوەی نییە نەوت بەرهەم بهێنێت و هەناردەی دەرەوەی بكات، بەڵام دادگەی فیدراڵی ئەو داواكارییەی وەزارەتی نەوتی رەت كردووەتەوە.

جێگری سەرۆكی لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی لە پەرلەمانی عێراق ڕوونیشی كردەوە، دادگەی فیدراڵی لە ڕووی دەستووری و یاساییەوە وەڵامی وەزارەتی نەوتی عێراقی داوەتەوە، كە هەرێمی كوردستان مافی هەیە نەوت هەناردە بكات و بیفرۆشێت و بەشی خۆی لێ هەڵگرێت، ئەوەی دیكەیش بۆ حكوومەتی بەغدا بگەڕێنێتەوە.

ئەمەیش لە كاتێكدایە، وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە كە دادگەی فیدراڵی بڕیاری نەداوە كە هەرێمی كوردستان مافی بەرهەمهێنانی نەوتی هەبێت.

Top