داعش ژمارەیەكی زۆر لە چەكدارانی شیعە لە كەركووك دەكوژێ

 داعش ژمارەیەكی زۆر لە چەكدارانی شیعە لە كەركووك دەكوژێ
سەرچاوەیەك لە پۆلیسی قەزا و ناحییەكانی كەركووك بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند لە كاژێر 4-ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزێكی چەكداری سوپای بەدر لە كەركووك هێرشیان كرد بۆ گوندی بەشیر و لەگەڵ چەكدارانی داعش رووبەڕووبوونەتەوە، بەڵام نزیكەی 50 كوژراو و برینداریان لێكەوتووەتەوە و ژمارەیەكی زۆریان بە دیل گیراون.

بە پێی زانیارییەكانی ئەو سەرچاوەیە "لە كاتی هێرشكردنی ئەو هێزە، چەكدارانی داعش رێگەیان بۆ كردوونەتەوە بۆ ئەوەی هەندێك پێشڕەوی بكەن، دواجار لە پشتەوە لێیانداون و ئەو دوو هەمەرەی كە پێیان بووە بە بۆمبی چەكدارەكان تەقێندراوەتەوە و دوو كەسیان لێكوژراوە و 10 كەسیان لێ بریندار بووە".

سەرچاوەكە گوتیشی "ئەو هێزە هیچ هەماهەنگییەكیان لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە و خەڵكی ناوچەكە نەكردووە و دواتر لە پێكدادانەكەدا بە پێی زانیارییەكان زیاتر لە 20 كوژراویان لێكەوتووەتەوە و زیاتر لە 20 كەسیشیان بە دیل گیراوەو نزیكەی 30 كەسیشیان بریندار بووە، هێزێكی دیكەشیان لە ناوچەكە هەیە كە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە گەمارۆ دراون و بارودۆخیان لە مەترسیدایە".

بە پێی زانیاری لە هێزەكانی پێشمەرگەوە "هێزە چەكدارەكانی داعش بۆردوومانی پێشمەرگەیان كردووە و نزیكەی 7 پێشمەرگە بریندار بوون، كە تاوەكو ئێستاش بەردەوامن و یەك پۆلیسیش لە ئەنجامی ئەو بوردوومانانە شەهید بووە."








رووداو
Top