لەھەڵەبجە یادی کیمیابارانکردنی سەردەشت کرایەوە
سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە لوقمان عەبدولقادر بەئاژانسی ھەواڵی پەیامنێری راگەیاند: بەئامانجی وەبیرھێنانەوەی ئەو تاوانەی کە رژێمی لەناوچوی بەعس دەرھەق بەگەلی کورد ئەنجامی دا لە رۆژھەڵاتی کوردستان بەدیاریکراویش لەشاری سەردەشت لەمۆنۆمێنتی ھەڵەبجە یادی ٢٧ھەمین ساڵیانی کیمیابارانی سەردەشت کرایەوە.
روونیشی کردەوە: شاری سەردەشت ھیچ جیاوازیەکی نییە لەگەڵ شارەکانی دیکەی ھەرێم یەکێکە لەشارە کوردییەکان قوربانیەکانیش سەرجەمیان لەگەلی کوردبوون بۆیە ئەمرۆش نوێنەری کەسوکاری شەھیدانی ھەڵەبجەو ژمارەیەکی زۆر لەچین و توێژەکانی پارێزگای ھەڵەبجە ئامادەی ئەو یادەبوون.
سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە وتیشی: لەگەڵ ئەوەی سەردەشت یەکەم شارە کە لەدوای جەنگی جیھانی دووەمەوە بەکیمیایی بۆردومان بکرێت بەڵام تائێستا کەیسی کیمیابارانی ئەو شارە لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانەوە فەرامۆشکراوە، ھیچ باسێکی لێوەنەکراوە بۆیە ئەو یادکردنەوەیە بەگرنگ دەزانن بۆئەوەی بتوانن لەداھاتودا لەناوەندە نێودەوڵەتیەکاندا بیخەنە بەرباس و لێکۆڵینەوە.
٢٧ ساڵ لەمەوبەر لەلایەن چوار فرۆکەی جەنگی عێراقەوە بەچەکی کیمیایی بۆردومانی شاری کوردنشینی سەردەشت کرا لەڕۆژھەڵاتی کوردستان بەو ھۆیەشەوە زیاتر لە ١١٠ ھاووڵاتی شەھید بوون و زیاتر لە ھەشت ھەزارھاووڵاتی دیکەش برینداربوون ھاوکات بەھۆی مانەوەی کاریگەریەکانی ئەوچەکانەش لەسەر جەستەی بریندارەکان تائێستاش ناو بەناو چەندین برینداریان گیانیان لەدەستدەدەن.
