لە جەلەولا بۆمبێك بە هێزێكی پێشمەرگەدا تەقییەوە
بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە جەلەولا، كامەران حەمەجان، بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ پێش نیوەرۆی ئەمرۆ لە شارەدێی جەلەولا بۆمبێكی چێندراو لەیەكێك لە شەقامەكانی ناوچەكە بە ئۆتۆمبیلێكی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستاندا تەقیەوە كەژمارەیەك پێشمەرگەی تێدابوون، بەڵام خۆشبختانە بۆمبەكە هیچ زیانێكی گیانی نەبووە و تەنها زیانی مادی بە ئۆتۆمبیلەكە گەیاندووە.
سەبارەت بە رەوشی ناوچەكە، ئەو بەرپرسەی پارتی وتی، چەكدارانی داعش لەو گەرەكەوە كە بە دەستیانەوەیە هەندێكجار رووبەروی هێزەكانی پێشمەرگە دەبنەوە و تەقە دەكەن و هێزەكانیش وەڵامیان دەدەنەوە و پێكدادانەكان بە چەكی سوك ناوبەناو روودەدات. تاوەكو ئێستا هیچ زیانێكی بە هێزەكانی پێشمەرگە نەكەوتووە.
شارەدێی جەلەولا 95% بە دەستی هێزەكانی پێشمەرگەوەیە و تەنها یەك گەرەك كە ناوی تەجنیدە و هەمو دانیشتوانەكەی عەرەبن بە دەستی چەكدارەكانەوەیە و ئەو چەكدارانە و عەرەبە توندرەوەكانی ناوچەكە لەو گەرەكەوە رووبەرووی هێزە كوردستانییەكان دەبنەوە.
