مامۆستایانی پەنابەرە سوریەکان خولی هاوینە وەردەگرن بۆ خۆئامادەکردن بۆ ساڵی نوێی خوێندن

مامۆستایانی پەنابەرە سوریەکان خولی هاوینە وەردەگرن بۆ خۆئامادەکردن بۆ ساڵی نوێی خوێندن
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان خولێکی ڕاهێنانی یەک مانگی بۆ ئەو پەنابەرە سوریانە کردۆتەوە کە وەک مامۆستا کاردەکەن لە کەمپەکانی پەنابەران لە هەرێمی کوردستان.

بەشداربووانی خوولەکە 549 پەنابەرن کە وەک مامۆستای سەرەتایی کاردەکەن لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک. خولی ڕاهێنانی چڕی مامۆستایانی پەنابەرە سوریەکان یەکێکە لە چالاکییەکانی هاوینەی وەزارەتی پەروەردە. خولەکە بەهاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی یۆنیسکۆ ئامادەکراوە بەمەبەستی زیاتر یارمەتیدانی بواری پەروەردە و هاندانی بەشداری چالاکانەی پەنابەران لە کۆمەڵگاکەی خۆیاندا.

پەرژین عەبدولرەحمان عەلی، بەڕێوەبەری بەدواداچوون لە وەزارەتی پەروەردە لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەری حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی "خولەکە بەشێوەیەکی سەرەکی بوارەکانی شێوازی وانە وتنەوە لە خۆدەگرێت، بەتایبەتی بەڕێوەبردنی پۆل، ئامادەکردنی وانە، ڕێکخاری ئەرێنی، یارمەتی دەروونی و کۆمەڵایەتی و بنیاتنانی هەستی ئاشتیخوازانە،" وەهەروەها گوتی هەر پۆلێک نزیکەی "25 تا 30 قوتابی لەخۆدەگرێت وە تەرخانکردنی مامۆستایەک بۆ هەر پۆلێک".

لە ماوەی ساڵی خوێندنی 2013، پرۆگرامی خوێندن کە لە سوریا پەیڕەودەکرا لە کەمپەکانی پەنابەرە سوریەکان کاریپێکرا، بەڵام لە سەرەتای ئەمساڵ بە بڕیاری وەزارەتی پەروەردە پرۆگرامی پەروەردەی كوردستان شوێنی گرتەوە. دەربارەی ئەو گۆڕانکارییە، پەرژین عەبدولرەحمان عەلی گوتی ئەم هەنگاوە "بۆ ئاسانکرنی پرۆسەی تاقیکردنەوە و بڕوانامەبەخشینە، بەڵام زمانی خوێندن بە عەرەبیە لە گشت کەمپەکان بەهۆی کێشەی زمانی کوردی بۆ پەنابەرە سوریەکان".

سەرەڕای پرۆگرامی پەروەردەیی، وەزارەتی پەروەردە چالاکیتری دەرەوەی پرۆگرامی خوێندن بەهاوکاری ڕێکخراوە ناحکومییەکان بۆ پەنابەرە سوریەکان سازدەکات. هەروەک چۆن بۆ منداڵە خاوەن پێداویستە تایبەتەکانی هەرێم، پرۆگرامی ئەوتۆ خراوەتەگەڕ بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانیان لە قوتابخانەکانی ناوشار، بەهەمان شێوە لە قوتابخانەکانی ناو کەمپەکان ڕێکخراوە مرۆڤایەتییەکان پرۆگرامی هاوشێوەیان خستۆتەگەڕ. هاوکات لەگەڵ خولی ڕاهێنانی مامۆستایان، وەزارەتی پەروەردە پێشکەشکردنی یارمەتی دەروونی لە ئەستۆی خۆی گرتووە بۆ یارمەتیدانی منداڵانی توشبوو بە فشاری دەروونی.

بڕیاری حکومەتی فیدڕاڵ لە بەغدا بۆ بڕینی بوودجەی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ئەم ساڵدا کاریگەری نەرێنی کردۆتە سەر سەرچاوە و تواناکانی وەزارەت لە دابینکردنی خزمەتگوزاری زیاتر و کتێب و شوێنی فێرکردن بۆ پەنابەرە سوریەکان. لە دەرئەنجامی شەڕی سوریا، سەدان هەزار پەنابەر کە زۆربەیان کوردن هاتوونەتە هەرێمی کوردستان. لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو ژمارەی پەنابەرەکان بە بەردەوامی زیادیکردووە. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەنابەران نزیکەی 226 هەزار پەنابەری سوری بە فەرمی تۆمارکراون یا چاوەڕوانی تۆمارکردنن لە عیراق تا بەرواری 31 ئایار کە زیاتر لە 95 لە سەدی پەنابەرەکان لە هەرێمی کوردستانن.
Top