کۆبوونەوەی جۆن کێری و بارزانی کۆتایی هات

کۆبوونەوەی جۆن کێری و بارزانی کۆتایی هات
جۆن کێری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ، سێ‌شەممە گەیشتە هەولێر و لە نوسینگەی نێچیرڤان بارزانی لە گەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبۆوە.



کۆبوونەوەکەی نێوان وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سەرۆکی هەرێم بە بەشداری نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت، نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، بەرهەم ئەحمەد ساڵح و قوباد تەڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەریم لە نوسینگەی نێچیرڤان بارزانی بەڕێوە چوو.



بە پێی زانیارییەکان لەو کۆبوونەوە دا باس لە دۆخی ئەمنی عێراق و بەشداری کورد لە پرۆسەی سیاسی عێراق کراوە.



پێش نێوەڕۆی دوێنێ(دووشەممە)، جۆن کێری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەیشتە بەغدا و لە گەڵ نوری مالکی سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئۆسامە نۆجێفی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و عەممار حەکیم سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی عێراق کۆبۆوە.



بە پێی ڕاپۆرتێکی ئەسۆشێیتد پرێس، جۆن کێری لە سەردانەکەی بۆ بەغدا، هۆشدارییەکی توندی داوەتە نوری مالکی و شیعەکان و پێی گوتوون دەبێت لە گەڵ پێکهاتەکانی دیکەی عیراق(کورد و سوننە) سازش بکەن دەنا هیوای ئاشتەوایی هەمیشەیی لە عیراق لە دەستدەچیت.
Top