مەسروور بارزانی: بەرەوڕووبوونەوەی تیرۆریزم پێویستی بە پشتیوانیی نێودەوڵەتی هەیە، بەڵام نابێ لە قاڵبی دژایەتیی پێكهاتەكانی عێراق بێت

مەسروور بارزانی: بەرەوڕووبوونەوەی تیرۆریزم پێویستی بە پشتیوانیی نێودەوڵەتی هەیە، بەڵام نابێ لە قاڵبی دژایەتیی پێكهاتەكانی عێراق بێت
- ئێوارەی ئەمڕۆ "مەسرور بارزانی" راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان پێشوازیی لە شاندێکی گروپی پارتەکانی ناو پەرلەمانی بەریتانیا بە سەرۆکایەتی "تۆبیاس ئێلوود" و ئەندامێتی ھەریەکە لە "لۆرد مۆریس گلاسمان" لە پارتی کاری بریتانی و "لیۆ دۆرچێرتی" بەڕێوەبەری کۆمیتەی رۆژھەلاتی ناوەراستی پارتی پارێزگار و "گەری کەنت" بەڕێوەبەری گروپی پارتەکانی ناو پەرلەمانی بەریتانی کرد.



لە دانیشتنێکدا ھەردوولا دوا رەوشی ئەمنی چەند ناوچەیەکی عێراق و ھەردوو پارێزگای و موسڵ و کەرکووکیان خستە بەر باس و گفتوگۆ.



لەلای خۆیەوە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، کە بە ھۆی ھێرشی تیرۆریستانی داعش بۆشاییەکی گەورەی ئەمنی لە زۆر ناوچەی عێراق دروست بووە بەتایبەت لەو پارێزگایانەی کە ھاوسنووری ھەرێمن و پێکھاتەی دامودەزگا ئەمنییەکانیان بە تەواوەتی داروخاوە.



راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش جەختی لەوە کردەوە کە گروپە تیرۆرستییەکان تەنیا ھەڕەشە نین بۆ سەر ھەرێم و عیڕاق، بەڵکو ھەرەشەی گەورەن بۆ سەر تێکرای وڵاتانی رۆژئاوا و رۆژھەلاتی ناوەڕاست، بۆیە پێویستیمان بە پاڵپشتیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ھەیە بۆ رووبەڕوو بوونەوەی تیرۆریزم، بەڵام نابێت ئەم پاڵپشتییە لە قاڵبی دژایەتی پێکھاتەکانی عێراق یاخود لایەنگریکردنی لایەنێک دژ بە پێکھاتەکانی دیکە بێت.



ھەر لەم دیدارەدا ئاماژە بە زۆرێک لەو رێکارانە کرا کە ھەرێمی کوردستان بۆ رووبەڕوو بوونەوەی ھەڕەشەکان و پاراستنی رەوشی ئەمنی ھەرێم و دڵنیابوونی ھاولاتیانی گرتووەتە بەر. وێڕای ئەوەی ھەرێمی کوردستان کەشێکی لەباری رەخساندووە بۆ لە خۆگرتنی سەدان ھەزار ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی عێراق و سوریا.
Top