فەرماندەیی سپیلک: شەڕ لەگەڵ داعش بەردەوامە.. چاوەڕوان دەکرێت ئەمشەو هێرشی بەرفراوان بەرپا بکەن
موقەدەم ئیبراهیم شەعبان هەرەنی، ئەندامی هێزی چواری فەرماندەیی سپیلک لە ڕێی تەلەفۆنەوە بە kdp.infoـی ڕاگەیاند، ئەو شوێنەی کە ئێستا لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و چەکدارانی داعش شەڕ تێیدا بەرپا بووە، تەنیا کیلۆمەترێک لە سنووری سنوون-سووریاوە دوورە و ئەمە جاری سێیەمە کە ئەمڕۆ دووشەممە شەڕ بەرپا دەبێت.
هەرەنی کە بە هۆی بۆردوومانی تۆپهاوێژ و دەنگی دۆشکەی داعشەوە بە ئاستەم گوێی لە ئێمە بوو، دەیگوت: "بە خەستی بۆردوومانمان دەکەن، بەڵام خۆشبەختانە لە هێرشی ئەم ئێوارەیاندا زیانی گیانیمان نییە."
ئەو فەرماندەیەی سەربە فەرماندەیی سپیلک هاوکات باوەڕی وابوو کە، چەکدارانی داعش ئەمشەو هێرشی بەرفراوان بکەنە سەر هێزەکانی پێشمەرگە، هەڵبەت بەوپەڕی بڕوابەخۆبوونیشەوە جەختی دەکردەوە لە بەرزیی ورەی پێشمەرگەکانی کوردستان و دەیگوت "ورەمان لە هیی تۆ بەرزترە (مەبەست ئامادەکاری هەواڵەکەیە)."
دەربارەی زیانەکانی شەڕی سەرلەبەیانی و دوانیوەڕۆیش، ئەو فەرماندەیە گوتی، لەسەر رێگەی نێوان رەبیعە -سنوون پێنج بۆمب دانرابوونەوە و دوو لەو بۆمبانەیش لەلایەن هێزەكانی ئێمەوە پووچەڵ كرانەوە و سێ بۆمبەكەی دیكەیش تەقینەوە، لە ئاكامدا پێشمەرگەیەك شەهید بوو و حەوتی دیكەیش بریندار بوون. هاوکات گوتی دوانیوەڕۆیش بۆمبێکی دیکە بە ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانماندا تەقییەوە و سێ پێشمەرگە شەهید بوون و سیانیش بریندار بوون.
