بەنزینی توركیا گەیشتە هەرێم و بە نرخی حكوومییش دەفرۆشرێت
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك فەهیم عەبدوڵڵا، بە kdp.infoـی راگەیاند، هاتنی بەنزین لە توركیاوە بۆ هەرێمی كوردستان دەستی پێ كردووە و دوێنێیش بڕێكی كەم گەیشتووەتە پارێزگای دهۆك، لە بەرنامەیشدایە رێژەكە زیاد بكرێت.
فەهیم عەبدوڵڵا گوتیشی، ئەو بڕە بەنزینەی كە هاتووە جارێ بۆ پارێزگای دهۆك دەبێت، چونكە ئەو پارێزگایە زۆر پێویستی پێیە و شوفێر هەیە 24 سەعات بۆ وەگرتنی بەنزین لە نۆرە دەوەستێت.
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك ڕوونیشی كردەوە، ئەو بڕە بەنزینەی هاتووە، لەلایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانەوە دابین كراوە و كار بۆ ئەوە دەكرێت ئەگەر ئەو قەیرانە بەردەوام بێت، لەگەڵ بازرگانەكان رێككەوتن بكرێت بۆ ئەوەی بەنزین هاوردە بكەن.
گوتیشی كە ئەو بڕە بەنزینەی كە هاتووە، بە هەمان نرخی حكوومی دەفرۆشرێت كە لەگەڵ بەنزینی هەرێمدا تێكەڵ دەكرێت و بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكرێت.
فەهیم عەبدوڵڵا ئەوەیشی خستە ڕوو، هەموو هەوڵێك بۆ چارەكردنی ئەو قەیرانە دەدەین و دەزگا ئەمنییەكانیش رێگە نادەن بازرگانی بە بەنزینەوە بكرێت، پێش چەند رۆژێكیش دەستیان بەسەر هەندێك بەنزیندا گرتووە كە بە قاچاخ بۆ دەرەوەی هەرێم دەبردرا.
