پرۆژەی "Kidzone" ی ئیماڕاتی لە كەمپی قوشتەپە كرایەوە

پرۆژەی
بەئامادەبوونی پەخشان زەنگنە ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان و د. دیندار زێباری جێگری سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و شێخ راشد محەمەد ئەلمەنسوری كونسوڵی گشتی ئیمارات لە هەرێمی كوردستان و د. ڤیان سلێمان سكرتێری یەكێتی ئافرەتانی كوردستان و نوێنەری وەزارەتەكانی رۆشنبیریی و پەروەردەو دەزگای خێرخوازی بارزانی و چەند رێكخراوو لایەنێكی تر، دەزگای روانگە بەهاوكاری رێكخراوی مانگی سووری ئیماراتی، پرۆژەی كیدزۆنی لە بەرژوەندی ئاوارەكانی خۆرئاوای كوردستان لە كەمپی قوشتەپە كردەوە.
پرۆژەی Kidzone سەنتەرێكی هونەری و رۆشنبیریی و چەندین یاریگەی وەرزشی لەخۆدەگرێت، لەلایەن دەزگای روانگەوە سەرپەرشتی بەڕێوەبردنی كارو چالاكییەكانی دەكرێت.
لە وتەیەكدا پەخشان زەنگنە وێڕای دەستخۆشی كردنی لەم دەستپێشخەرییەی رێكخراوی مانگی سووری ئیمارات و هەوڵ و ماندووبوونی دەزگای روانگەو كونسوڵگەری گشتی ئیمارات لە هەرێمی كوردستان، ئەمجۆرە پرۆژانەی بۆ تواناسازی و رەخساندنی هەلی كارو سوودوەرگرتن لە كات لەلایەن ژنە ئاوارەكانەوە بە گرنگ و پێویستزانی و هیوای خواست لە سەرجەم كەمپەكانی تری پەنابەر و ئاوارەكاندا پرۆژەی هاوشێوە ئەنجام بدرێت.
Top