فرەمینبەریی كورد لە بەغدا یەكلا كرایەوە.. فریاد ڕەواندوزی: ئێستا بە یەك تیم كار دەكەین

 فرەمینبەریی كورد لە بەغدا یەكلا كرایەوە.. فریاد ڕەواندوزی: ئێستا بە یەك تیم كار دەكەین
ئەندامێكی شاندی دانوستانكاری نێوان هەرێمی كوردستان و لایەنەكانی عێراق دەڵێت، تا ئێستا شاندەكە گفتوگۆی لەگەڵ هیچ یەكێك لە لایەنەكانی عێراق نەكردووە. ئەوەیش دەخاتە ڕوو كە ڕووداوەكانی ئەم دواییەی عێراق كاریگەرییان لەسەر ڕەوتی دانوستانەكان دەبێت و كوردیش بە یەك تیم كار دەكات.

لەبارەی گفتوگۆكانی نێوان هەرێمی كوردستان و لایەنەكانی عێراق لەسەر پرسی پێكهێنانی حكوومەت و كۆمەڵێك پرسی سیاسیی دیكە كە بڕیارە لە ئەجێندای شاندەكەدا بێت، ئەندامی شاندی دانوستانكار د. فریاد ڕەواندوزی، لە لێدوانێكدا بۆ KDP.infoگوتی: "ئێمە وەك شاندی هەرێمی كوردستان بە كۆی دەنگ بڕیارمان وابوو دوای كۆبوونەوەی یەكەم، كۆبوونەوەی دووەم ئەنجام بدرێت، بەڵام لەبەر تێكچوونی بارودۆخ و كارنامەی لایەنەكانەوە، نەتوانرا درێژەی پێ بدرێت، جگە لەوەی چەند ئەندامێك لە دەرەوەی هەولێر بوون، ئێستایش بارودۆخەكە ئاڵۆز بووە و باوەڕم وایە كۆبوونەوەكە دوا بخرێت."

ڕەواندوزی دەڵێت: "هەموو ئەگەرەكان ئاماژەن بۆ ئەوەی كە پەرلەمانیش توانای نەبێت لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا كۆ ببێتەوە، بۆیە لەو باوەڕەدام زۆربەی بابەتەكان دوا دەكەون تا بزانین بارودۆخەكە بەرەو كوێ دەڕوات."

ئەو ئەندامەی شاندی دانوستانكار گوتیشی: "دانیشتنی یەكەممان بۆ ئەوە بوو كە قسەی خۆمان بكەین و ماڵی كوردی و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان یەك بۆچوون و یەك هەڵوێستیان هەبێت، هەروەها كورد بۆ چوونە بەغدا خاوەنی یەك ستراتیژ و پلان بێت".

فریاد ڕەواندوزی ئاماژەیشی دا: "كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی عێراق لەبارەی پرسەكانەوە نەكراوە، بەڵام داوای بینینین و كۆبوونەوەمان لێ كراوە، ئێستایش ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە ئەوەیە كە یەكدەنگین، ئەو قسەیەی كە هەبوو گوایە كورد چوار پارچەیە، ئەو بابەتەمان یەكلا كردەوە، بۆیە هەر دۆخێك هەبێت یان بیربۆچوونێكی سیاسیی ناو هەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكانی، دەخرێتە بەرنامەی كاری ئەو تیمەوە".

ئەوەیشی خستە ڕوو كە كارنامەی تیمەكە گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە، ئەگەر بكەوینە گفتوگۆوە لەوە دەچێت لەگەڵ لایەنەكانی دیكەیشدا تێڕوانینی نوێ پەیدا ببێت. گوتیشی: "لە دوای ڕووداوەكەی مووسڵەوە گۆڕانكاری لە دانوستانەكاندا كراوە".

ڕەواندوزی هەروەها ئاماژەیشی دا كە شاندی دانوستانكار هیچ كام لە لایەنە عێراقییەكانی نەبینیوە.
Top