داوا لە مالیكی كراوە بە سیاسەتەكانیدا بچێتەوە.. دووەم كۆبوونەوەی ماڵی جەعفەری بێئەنجام بوو
لەم بارەیەوە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و نوێنەری كلدوئاشووری یونادم یوسف كەننا كە لە كۆبوونەوەكەدا بەشداربوو، بۆ kdp.infoگوتی: لە كۆبوونەوەكەدا دوو خاڵ باس كران، لەوانە هەموو لایەنەكان پێكەوە لە بەرامبەر تیرۆر بوەستنەوە و خاڵی دووەمیش ئەوە بوو كە خەریكە شەڕی سوننە و شیعە دەست پێدەكات و چۆن رێگری بكرێت شەڕی ساڵی 2007 دووبارە نەبێتەوە.
یونادم گوتیشی: هەر لە كۆبوونەوەكەدا داوا كرا نووری مالیكی بە سیاسەتەكانیدا بچێتەوە، چونكە كورد و سوننە تێبینییان لەسەر چونیەتیی بەرێوەبردنی دەستەڵات هەبووە و ئەویش هیچ هەڵوێستێكی ئەرێنی نەبوو، بگرە دانیشی بەو هەڵەیەدا نەنا.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق زیاتر گوتی: باس لە كۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق كرا كە پێویستە كۆتایی ئەم مانگە بەڕێوە بچێت، بەڵام نەگەیشتنە هیچ رێككەوتنێك و خوزێر خوزاعییش كە جێگری سەرۆككۆمارە، سوورە لەسەر ئەوەی وادەی كۆبوونەوەكە رابگەیەنێت، چونكە دادگەی فیدراڵی رێگەی پێ نادات دوای بخات.
ئەوەیشی خستە ڕوو كە كۆبوونەوەكان درێژەیان دەبێت تاوەكو دەگەنە بڕیارێك و وەهایش بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوواد جارێكی دیكە كۆبنەوە.
لەم كۆبوونەوەیەدا د. رۆژ نووری شاوێس و د. بەرهەم ساڵح وەكو نوێنەری كورد بەشدار بوون.
