سەرۆكی حكومەت بەرنامەی كاری كابینەی هەشتەمی بۆ پەرلەمان خستە ڕوو

سەرۆكی حكومەت بەرنامەی كاری كابینەی هەشتەمی بۆ پەرلەمان خستە ڕوو
بە پێی بڕگەی سێیەمی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان كە ئەمرۆ لە دانیشتنی ژمارە 10 بوو، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرنامەی كاری كابینەكەی بۆ پەرلەمانی كوردستان خستە روو.

سەرۆكی حكومەت، گوتی: ئەمرۆ كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێم رادەگەیەنرێت وەك چۆن ساڵی 2003 پێویستمان بە یەك دەنگی هەبوو بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەكانی كوردستان، لەم ساتەشدا كە عیراق بە بارودۆخێكی سەخت تێدەپەڕێت، بۆ ئەوەی كوردستانیان بپارێزین و بەرپرسیارەتیمان لە ئاست مێژوو دابێت، كابینەی هەشتەم كابینەی بنكە فراوانە و گوزارشت لە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكات و ئەو ئەركە وای دەخواست بە نەفەس درێژی مامەڵە لەگەڵ پێكهێنانی ئەم كابینەیە بكەین.

هەروەها سەرۆكی حكومەت گوتی: سوپاسی هاووڵاتیانی كوردستان دەكەین بۆ خۆراگریان لەبەرامبەر دواكەوتنی پێكهێنانی كابینە حكومەت، هەروەها برینی موچەیان كە بە كارێكی ناحەقانە لەلایەن حكومەتی عیراق ئەنجامدرا.

سەرۆكی حكومەت گوتی: ئێمە بەردەوام كێشەمان بۆ دروست دەكرێت، ئێمەش بە هەوڵی خۆمان دەمانەوێت ئەو كێشانە نەهێڵین و دەمانەوێت بە نیشتیمانی كردنی دامەزراوەكان و سەروەری یاسایی و رێزگرتن لە ئافرەتان و منداڵان و هاووڵاتیبوون و دابینكردنی ماف و رەخساندنی دەرفەتی یەكسان بۆ دانیشتوانی كوردستان بەبێ جیاوازی، كابینەی هەشتەم بەمیكانیزمی لێك جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان كاردەكات و كابینەی هەشتەم كابینەی حكومەتی هاوبەشە.

لەبەشێكی دیكەی وتارەكەیدا لەبەردەم پەرلەمانی كوردستان سەرۆكی حكومەت گوتی: حكومەت موڵكی هەموو تاكێكی كوردستانە و كار بۆ بەرژەوەندی و دەستەبەری خۆشگوزەرانیان دەكات، هیچ لایەنێك نابێتە رێگر لەجێبەدێكردنی بریارەكان ئێمە وەك لایەنە هاوبەشەكانی ئەم كابینەیە حكومرانی دەكەین و بەئیرادەوە كاردەكەین بۆ ئەو بەڵێنانەی بە هاووڵاتیانمانداوە، كاركردنی چەند حزبێكی هاوبەش دەكەینە ئامانج بۆ خزمەت.

هەروەها گوتی: ئێمە دەبێت هەنگاوی گەورە بنێین بۆ بەدیهێنانی خەونی نەوەی پێش خۆمان بۆ دەستەبەری كوردستانێكی ئارام و هەنگاوی پێ,یستیش بۆ ئەو مافە دەنێین، یەكێكیشی لەكارەكانی ئەم كابینەیە، هەنگاوی ئاشتی دەنێین بۆ چارەسەری كێشەكانمان لەگەڵ حكومەتی ناوەندی، كابینەی هەشتەم زەمینەی لەبار دەڕەخسێنێت بۆ چاودێری پەرلەمانی كوردستان بەسەر كارەكانیانەوە.

هەروەها گوتی: كاردەكەین بۆ گەشەپێدانی كەرتی كشتوكالً و بەرزكردنەوەی توانستی كاری كشتوكالی و چاككردنی ژیانی گوندنشینانی كوردستان، ئێمە چالاكانە كاردەكەین بۆ چەسپاندنی كاری لا مەركەزی.

گوتیشی: لە كەرتی تەندروستیدا كاردەكەین بۆ دانانی سیستمی تەندروستی پێشكەوتوو و لێك جیا كردنەوەی كەرتی تایبەتی و گشتی و كاردەكەین بۆ ژیانی زیندانیانی سیاسی و كەس و كاری قوربانیان و كار دەكەین بۆ چارەسەری كێشەی نیشتەجێ بوون و هەروەها ئێمە سوپاسی هێزەكانی پۆلیس و هێزی پێشمەرگەو ئاسایش و كاردەكەین بۆ باشتركردنی بژێوی ژیانی ئەو هێزانەو بە نیشتیمانی كردنی ئەو هێزانە، چونكە هۆكاری دابینكردنی ژیانێكی ئارمن لە ناوچەیەكی پڕ كێشە، هەروەها كاردەكەین بۆ دامەزراندنی سندوقی نەوت و كۆمپانیای نەوتی كوردستان، هاوكار دەبین لە هاریكاری كۆمپانیاكان بۆ بەرهەم هێنان و وەبەرهێنان بۆ نەهێشتنی بێكاری لەناو چینی دەرچووانی زانكۆكان و پەیمانگاناو و رێگری لە پاوانكاری، هەوڵدەدەین پێداچوونەوە بە موچەی فەرمانبەران و خانەنشینكراواندا بكەین.


گوتیشی: ئەوە هێڵە گشتییەكانی كاری حكومەت و ووردەكارییەكانی لە لەلایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەكاندا دادەرێژرێت و جێبەجێ دەكرێت.


ئەمەی سەرەوە بەشێكی كارنامەی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو.
Top