لە شەرەكەی جەلەولاش حەوت داعش كوژراون و یەكێكیان خۆی تەقاندۆتەوە
بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە جەلەولا كامەران حەمەجان بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ پاش ئەوەی دوێنێ ئێوارە هێزەكانی دژە تیرۆر و پێشمەرگە و ئاسایشی گەرمیان توانییان گەرەكی تەجنیدی شارەدێی جەلەولا كۆنترۆڵ بكەن كە پێشتر بە دەست چەكدارانی داعش و عەرەبە توندڕەوەكانەوە بوو و هەروەها سێ چەكداریشیان كوشت، شەوی رابردوو لەچەند ناوچەیەكی دەرەوەی جەلەولا و ناوەوەی جەلەولا، چەكدارانی داعش و عەرەبەكانی هاوكارییان، هێرشیان كردە سەر هێزە كوردستانییەكان و هێزە كوردستانییەكانیش رووبەروویان بوونەوە و شەڕەكە تاوەكو بەرەبەیانی ئەمرۆ بەردەوامی هەبوو.
كامەران حەمەجان ئەوەشی خستەروو، لە ئاكامی ئەو شەرەدا حەوت چەكداری داعش كوژران كە یەكێكیان پاش برینداربوونی لەبەر ئەوەی چەكدارەكانی دیكە بەجێیان هێشت، خۆی تەقاندەوە.
ئاماژەشیدا، هەر لەشەرەكەدا پێشمەرگەیەك شەهیدبووە.
بەرپرسەكەی پارتی لە جەلەولا راشیگەیاند، ئێستا ناوچەكە لە ژێر كۆنترۆَلی هێزەكانی پێشمەرگەیە و تەنها گەرەكی تەجنید نەبێت كە دیسانەوە كەوتۆتەوە دەست چەكدارانی داعش.
