ڕاگەیەندراوی كۆتایی كۆبوونەوەی سەرۆك بارزانی لەگەڵ حزبە سیاسییە كوردستانییەكان
لە دیدارەكەدا، تەئكید لەوەكرایەوە پاشەكشەی پڕۆسەی سیاسی و بەتاڵكردنەوەی پڕۆسەكە لە ناوەرۆكە دیموكراسی و نیشتیمانییەكان، ڕۆڵی نەرێنی هەبووە و بووە هۆی داخوران و هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانیی هێزە پەیوەندیدار و دامەزرێنەرانی پڕۆسەی سیاسی، هەروەها بووە هۆكاری پەیڕەوكردنی نەهجێكی سیاسی دژ بەدەستوور و تەوافوقەكان و بنەماكانی دەستپێكی پرۆسەی سیاسی، ئەو بنەمایانەی حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراقیان لەسەر دامەزراوە.
كۆبوونەوەكە جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە سەر لە نوێ متمانە لە نێوان هێزە عێراقییەكان و پێكهاتە نیشتیمانییەكاندا بنیات بنرێتەوە و دەستپێشخەرییەكی نیشتیمانیانەی سیاسی بهێتە ئاراوە كە ئیعتیبار بۆ كرۆكی پڕۆسەی سیاسی بگێڕێتەوە، هەر لە نەهێشتنی سیاسەتی وەلانان و پەراوێزخستن و ئەو ئاراستانەی دەمارگیری و تاییفییەت دەچەسپێنن، هەتا جێهێشتنی دیاردەی تاكڕەویی دەسەڵات و بڵاوكردنەوەی كەشوهەوایەك كە خزمەت بە بەرژەوەندییە تاییفییە تەسكەكان دەكات و دەبنە هۆكاری تەنگاوكردنی پێكهاتە هاوبەشەكانی كاری نیشتیمانی.
هەر لەم ڕووەوە، دانیشتنەكە ئەوەی دووپات كردەوە كە چارەسەری سەربازی و ئەمنی بەتەنیا، عێراق ڕووبەڕووی لێكەوتەگەلێكی مەترسیدارتر دەكاتەوە كە هەڕەشە لە سەلامەتی نیشتیمانی دەكەن. بۆیە چارەسەرێكی سیاسی و چاكسازییانەی بنەڕەتیی گشتگیر پێویستە، كە پشت بەئیدارەیەكی هاوبەشی تێكڕای قەوارە و هێزەكان و هەموو نیشتیمانپەروەرە عێراقییەكان بەبێ جیاوازی ببەستێت. هەروەها جەختیش كرا لەسەر كاركردن بۆ چاككردنەوەی بارودۆخ و پاككردنەوەی ئەو شوێنەوارە سلبیانەی لە پڕۆسەی سیاسی عێراقدا كەڵەكەبوون و هەروەها گێڕانەوەی وڵات بۆ سەر ئەو ڕێگەیەی بەرەو بنیاتنانی دەوڵەتی دامەزراوە دیموكراتییەكان و جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان و تۆكمەكردنی پێگەی هاووڵاتیبوون دەچێت، ئەویش دوور لە هەر دیاردەیەكی دەستبەسەراگرتن و پێشێلكردنی دەستوور، هەروەها پتەوكردنی پەیوەندییە برایانەكانی نێوان پێكهاتەكانی گەلی عێراق.
بەشداربووانی دیدارەكە لەسەر ئیدانەكردنی تیرۆر بەهەموو كەرەسە و ناوەكانییەوە، هەروەها لەسەر نەرمینەنواندن و سازشنەكردن لەگەڵ ڕێكخستنە تیرۆریستی و تەكفیرییەكاندا كۆدەنگ بوون.
كۆبوونەوەكە ڕۆڵی قارەمانانەی پێشمەرگەی لە ڕووبەڕووبوونەوە و سووربوونیان لەسەر داكۆكیكردن لە هاووڵاتیان لە هەموو ناوچەكان كە هاوكاتیشە لەگەڵ پاڵپشتییەكی گەورەی میللی بەرز نرخاند.
دیدارەكە تەئكیدی كردەوە لەسەر ئامادەیی بەردەوام بۆ پێشوازیكردن لە پەنابەران و هاوكاریكردنیان، هەروەها بەشدارانی دیدارەكە بانگەوازێكی بەپەلەیان ئاراستەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد تا ئاوڕێك لە ڕەوشی مرۆیی دەیان هەزار پەنابەر بدەنەوە و یارمەتیان بدەن بۆ ئەوەی كەمێك لە ئازارەكانی ئەوان كەم بێتەوە و باری هەرێمی كوردستانیش كەمێك سووك ببێت.
پیرمام
17ـی 6ـی 2014
