ئومێدی گەورەم بە سەرۆك بارزانی یه بۆ ئەوەی رۆڵێكی گەورە بگێڕێت لە رێكخستنەوەی عێراقدا

ئومێدی گەورەم بە سەرۆك بارزانی یه بۆ ئەوەی رۆڵێكی گەورە بگێڕێت لە رێكخستنەوەی عێراقدا
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان ئایەتوڵا ئەیاد جەمالەدین گوتی: لە هەموو جێگایەك سوپا بە فەرمانی سەركردە سیاسییەكانیان دەجووڵێتەوە، سوپای ئازاو سوپای ترسنۆك نییە، كەموكوڕییەكە لە سەركردایەتیی سیاسییە نەك لە سوپای عێراقی، ناكرێ ناوو ناوبانگی سوپای عێراقی بەم شێوەیە بزڕێندرێت، مالیكی خۆی لەو دەرئەنجامە بەرپرسیارە، كە خۆی بە تەنیا سەرۆكی وەزیران و وەزیری زۆربەی وەزارەتەكانە بە وەكالەت و فەرماندەی گشتی هێزی چەكدارە، من بەر لە ماوەیەك لە ئەكاونتەكانم لە توێتەر و لە كەناڵی ئەلعەرەبیە گوتوومە پێویستە مالیكی بدرێتە دادگا، لە كۆریا بەلەمێك نقوم بوو بۆ رۆژی دوایی سەرۆك وەزیران دەستی لەكاركێشایەوە، هەرچەندە رووداوەكە قەزاوقەدەر بوو، لەلای ئێمە چەكداران موسڵ و تكریتیان كۆنترۆڵ كردووە و بە ئارەزووی خۆیان دەسووڕێنەوە كەچی تا ئێستا مالیكی هەر سوورە لەسەر ئەوەی كە دەبێت بكرێتەوە بە سەرۆك وەزیران، بۆیە پێویستە هێزە سیاسییەكان رێكبكەون كە سەرۆك وەزیرانێكی دیكە هەڵبژێرن كە بتوانێت وڵات بەڕێوە ببات، ئەو كاتە دەبینن كە سوپای عێراق توانای ئەوەی هەیە تیرۆریستان تێك بشكێنێت.
هەروەها ئەیاد گوتی: ئەو گرووپانە بریتین لە كۆمەڵێك لە تیرۆریستان كە پشت بە بیرو هزری وەهابی دەبەستن، ئەمە بێجگە لە پیاوانی رژێم و سوپای پێشوو كە لەگەڵیان كاردەكەن، هەروەها رێكخراوی قاعیدە، وڵاتێكی بچووكی كەنداویش پشتیوانیان لێدەكات، بەڵام نەك سعودیە ئەو پێوەندی بەو گرووپانەوە نییە.
لەلایەكی ترەوە جەمالەدین گوتی: ئەگەر ئەمە شۆڕش یان كودەتای سوننە بێت، ئەدی هەروەك خۆت لە رووداوەكە نزیكیت، بۆچی نزیكەی نیو ملیۆن سوننە موسڵ جێ دێڵێت و پەنا بۆ هەرێمی كوردستان دەبات؟ ئەمە كودەتا یان یاخیبوونی تیرۆریستانە، بە هەزاران هاووڵاتی خەڵكی ئەنبار و فەللوجەو موسڵ هەڵدێن، ئەمانە تیرۆیستن جیاوازی ناكەن لە نێوان سوننەو شیعەدا.
شايانى باسە جەمالەدین گوتی: من وەك هاووڵاتییەك دەگەڕێمەوە بەغدا هەر لەدوای پێكهێنانی حكومەتی تازە، بەڵام هیچ پۆستێك وەرناگرم.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە (981)
Top