لەسەر رەوشی ئەمنی عێراق وڵاتانی عەرەب کۆدەبنەوە

 لەسەر رەوشی ئەمنی عێراق وڵاتانی عەرەب کۆدەبنەوە
بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی رەوشی ئەمنی عێراق، رۆژانی چوارشەممەو پێنجشەممەی داهاتوو وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەب کۆدەبنەوە.

نەبیل عەرەبی، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "بەمەبەستی تاوتوێکردن و گرتنەبەری هەنگاوی پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوەی رەوشی ئەمنی مەترسیداری ئێستای عێراق، رۆژانی چوارشەممەو پێنجشەممەی داهاتوو وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەب لە شاری جەدەی پایتەختی سعودیە کۆدەبنەوە".

نەبیل عەرەبی گوتیشی: "کۆمکاری عەرەبی کە بارەگاکەی لە قاهیرەی پایتەختی میسرە، نیگەرانە لەبەرامبەر رەوشی ئەمنی ئێستای عێراق و ئەو کردەوە چەکدارییانەی ژمارەیەک شاری عێراقی گرتووەتەوە".

دوای کۆنتڕۆڵکردنی شاری موسڵ و زۆربەی ناوچەکانی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین لەلایەن چەكدارانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسراو بە (داعش)، شاری بەغداو ژمارەیەک پارێزگای دیکەی عێراق پشێویان تێکەوتووە.





رووداو
Top