ئێران هه‌ڵوێستی‌ له‌سه‌ر رووداوه‌كانی‌ عیراق به‌ نێچیرڤان بارزانی‌ راگه‌یاند

ئێران هه‌ڵوێستی‌ له‌سه‌ر رووداوه‌كانی‌ عیراق به‌ نێچیرڤان بارزانی‌ راگه‌یاند
ئه‌مینداری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی ئێران هه‌ڵوێستی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ سه‌باره‌ت به‌ رووداوه‌كانی‌ ئێستای‌ عیراق به‌ وه‌فدی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان راگه‌یاند.

ئاژانسی‌ هه‌واڵه‌كانی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران "ئیرنا" بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ عه‌لی‌ شه‌مخانی‌ ئه‌مینداری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی ئێران له‌میانی‌ پێشوازیكردن له‌ نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم و وه‌فدی‌ یاوه‌ری‌ رایگه‌یاند: كه‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ تیرۆر و كاریگه‌رییه‌ وێرانكه‌ره‌كانی‌ به‌ پشتیوانی‌ ئاشكرا و نهێنی‌ هه‌ندێك دژه‌ ئاشتی‌ و ئاسایش له‌ جیهان و پارێزه‌ره‌ هه‌رێمییه‌كانیاندا، هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌یه‌ له‌سه‌ر پره‌نسیپ و به‌ها مرۆیی و ئه‌خلاقییه‌كان.

شه‌مخانی‌ هه‌ڵوێستی‌ یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌ی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێرانی‌ له‌ رێگرتن له‌ ده‌سه‌ڵات و بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ تیرۆر دووپاتكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند كه‌ "ته‌نگژه‌ی‌ ئێستای‌ عیراق به‌هۆی‌ هاوكاری‌ و ده‌ستوه‌ردانی‌ دوژمنانی‌ خۆرئاوایی‌ و هه‌رێمیی‌ گه‌لی‌ عیراقه‌وه‌ هاتووه‌ته‌كایه‌وه‌ به‌ئامانجی‌ له‌باربردنی‌ ئیراده‌ی‌ گه‌لی‌ عیراق".

شه‌مخانی‌ كه‌ نوێنه‌ری‌ رابه‌ری‌ باڵای‌ شۆڕشی‌ ئیسلامی‌ ئێرانه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی وتی‌: "قۆناغی‌ داهاتوو ده‌خوازێت كورد و شیعه‌ و سوننه‌ یه‌كڕیز و یه‌كهه‌ڵوێست بن بۆ گێڕانه‌وه‌ی‌ ئاسایش و سه‌قامگیری‌ بۆ عیراق و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ تیرۆر و بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا".

وتیشی‌: "به‌رپرسان و سیاسییه‌ عیراقییه‌كان له‌ پێكهاته‌ جیاوازه‌كان له‌به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی‌ مێژووییدان بۆ پاراستنی‌ یه‌كڕیزی‌ و یه‌كهه‌ڵوێستی‌ بۆ لێدانی‌ ئه‌و تیرۆریستانه‌ی‌ چه‌مكه‌ مرۆڤایه‌تییه‌كانیان شێواندووه‌".

ئاژانسه‌كه‌ بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ لای‌ خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم شیكردنه‌وه‌یه‌كی‌ وردی‌ سه‌باره‌ت به‌ پێشهاته‌ سه‌ربازی‌ و سیاسی‌ و ئه‌منییه‌كانی‌ عیراق خستووه‌ته‌ڕوو و جه‌ختی‌ له‌ خواستی‌ به‌هێزی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌ رووبه‌ڕووبووه‌نه‌وه‌ی‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ تیرۆریسته‌ ته‌كفیرییه‌كان خستووه‌ته‌ڕوو.

به‌گوێره‌ی‌ "ئیرنا"، نێچیرڤان بارزانی‌ رایگه‌یاندووه‌ كه‌ "گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان به‌ رێوشوێنه‌ وه‌حشییه‌كانیان و كرده‌كانی‌ كوشتن كه‌ دژی‌ خه‌ڵكانی‌ مه‌ده‌نی‌ ئه‌نجامیاندا، ترس و دڵه‌ڕاوكێیان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌وانه‌ به‌ته‌نها هه‌ڕه‌شه‌ نین بۆ وڵاتان و نه‌ته‌وه‌ و مه‌زهه‌به‌كان به‌ڵكو هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی‌ مه‌ترسیدارن بۆسه‌ر هه‌موو مرۆڤایه‌تی‌".

نێچیرڤان بارزانی‌ ئاماژه‌شی‌ به‌ په‌یوه‌ندی‌ له‌مێژینه‌ی‌ گه‌لی‌ عیراق به‌تایبه‌ت كورد و كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران دا و جه‌ختی‌ له‌ پێویستی‌ هاریكاری‌ به‌مه‌به‌ستی‌ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی‌ هه‌ڕه‌شه‌كان و ته‌نگژه‌كانی‌ ئێستای‌ عیراق كرده‌وه‌ و وتی‌: "حكومه‌تی‌ هه‌رێم هه‌موو تواناكانی‌ به‌كارده‌هێنێت بۆ پاراستنی‌ یه‌كپارچه‌یی عیراق و رێ نادات تیرۆریسته‌كان یه‌كپارچه‌یی‌ عیراق تێكبده‌ن".

سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم جه‌ختیشی‌ له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ "پێویسته‌ هه‌موو حزبه‌ و ره‌وت و نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كانی‌ عیراق به‌رپرسیارێتی‌ له‌ ئه‌ستۆ بگرن و رۆڵی‌ خۆیان ببینن له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی‌ له‌سه‌ر ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی عیراق هه‌ن و گه‌لی‌ عیراق به‌ یه‌كڕیزی‌ و یه‌كگرتوویی‌ ئه‌م ته‌نگژه‌یه‌ش وه‌ك ته‌نگژه‌كانی‌ رابردوو تێده‌په‌ڕێنێت".




خه‌ندان
Top