بارزانی و نەوشیروان مستەفا کۆدەبنەوە

 بارزانی و نەوشیروان مستەفا کۆدەبنەوە
بڕیارە ئەمڕۆ مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لە پیرمام كۆببنەوە.

بە پێی سەرچاوەیەكی تایبەتی تۆڕی میدیایی رووداو، بارزانی و نەوشیروان مستەفا باسی دوایین رووداوەكانی عێراق و تاوتوێی دۆخی ناوچەكە دەكەن. هەروەها بارزانی باسی سەردانەكەی بۆ ئەوروپا و ئەنجامەكەی بۆ نەوشیروان مستەفا دەكات.

مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە رۆژی 21ی ئایاری 2014 بەرەو ئەوروپا بەڕێكەوت ‌و (فەرەنسا، ئیتاڵیا و ڤاتیكان) ئەو وڵاتەنە بوون كە سەردانی كردن. لە فەرەنسا لەگەڵ فرانسوا هۆلاند-ی سەرۆك كۆمار و لە ئیتاڵیاش لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی پیران و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە كۆبووەوە. لە ڤاتیكانیش چاوی بە پاپا فرانسیس كەوت. بەپێی راگەیەنراوی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیش ئامانجی سەردانەكەی بەرەپێشبردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەو وڵاتانە بووە.

ئێوارەی رۆژی یەكشەممە 15ـ 6ـ 2014 سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەرێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بۆ هەرێمی كوردستان گەڕایەوە.









رووداو
Top