دەبێت سەرۆك بارزانی هێزی پێشمەرگە تەنها بۆ پاراستنی سنوری كوردستان بەكاربهێنێت نەك بۆ هاوكاری مالیكی

دەبێت سەرۆك بارزانی هێزی پێشمەرگە تەنها بۆ پاراستنی سنوری كوردستان بەكاربهێنێت نەك بۆ هاوكاری مالیكی
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان ستۆران ستیڤنسۆن سەرۆكی شاندی یەكێتی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ پێوەندی لەگەڵ عێراق گوتی: مالیكی تەحەددای مافی هەرێمی كوردستانی كردووە بۆ ئەوەی لە رێی توركیاوە نەوت بفرۆشێت، لە كۆتاییدا پەنا بردراوەتە بەر دادگا. پێموایە كوردستان مافی خۆیانە بەشێكی داهاتی نەوتیان پێبدرێت. من دەزانم كوردەكان بەپێی دەستوور مافی خۆیانە بەشێكی دیاریكراوی نەوتی خۆیان بۆ خۆیان بێت، بەڵام ئەمە لەلایەن مالیكی و حكومەتەكەیەوە رەتكراوەتەوە، لەبەر ئەوە پێم وایە ئەوەی كوردەكان كردویانە پاساوی خۆی هەیە، ئێستاش مەترسیەكە ئەوەیە كە ناسەقامگیری لە بەشەكانی دیكەی عێراقدا نەبێتە مەترسی بۆ سەر ئاشتی لە كوردستاندا.

هەروەها ستۆران گوتی: چەندین ساڵە خەڵكی كوردستان لە ئاشتی و سەقامگیریدا دەژین و نابێت رابكێشرێنە ئەم شەڕەوە و نابێت رابكێشرێنە ئەم شەڕە ناوخۆییەوە. پێشمەرگە جەنگاوەرێكی زۆر بووێرە و لە جیهاندا بە بووێری و ئازایەتی ناسراوە، بەڵام پێویستە بەرگری لە سنوری كوردستان بكەن و ناوبانگی كوردستان وەك هەرێمێكی ئارام بۆ سەدان هەزار پەنابەر بپارێزن، ئەو پەنابەرانەی لە موسڵ و كەركوكەوە دێن. لەبەر ئەوە من داوا لە بارزانی دەكەم پێشمەرگە بۆ ئەم مەبەستە بەكار بهێنێت، نەك بیانێرێت بۆ پاڵپشتی كردنی هێزە سەربازییەكانی عێراق كە لە ژێر فەرماندەیی مالیكیدان.

شایانی باسە ستیڤنسۆن گوتی: من هاوسۆزیەكی زۆرم هەیە بۆ كوردەكان، ئێوە لە جیهاندا ناوبانگیتان هەیە كە جێی ستایشە، چونكە سنوری خۆتان بۆ ئاوارەكان كردۆتەوە، ئێوە ناوچەیەكی ئارامتان بۆ خەڵكی سوریا دابین كردووە، كە من چەند مانگێك پێش ئێستا لە هەولێر بووم و سەردانی هەندێ كامپی ئەو ئاوارانەی سوریام كرد. ئێستاش پێشوازی لە سەدان هەزار ئاوارەی دیكە دەكەن كە لە بەشەكانی دیكەی عێراقەوە بەهۆی ئەو راپەڕینەوە ئاوارە بوونە، لەبەر ئەوە من هەمیشە ستایشی راستگۆیی و بووێری خەڵكی كوردستان دەكەم، من بە راستی ترسم لە ئاییندەی ئێوە هەیە، تەنیا ئەوكاتە نەبێت كە پێشمەرگە سنورەكەتان بپارێزێت و رێگە نەدات ئەو راپەڕین و ئەم شەڕە بپەڕێتەوە بۆ هەرێمەكەی ئێوە.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە (981)



Top