بە مالیكیم گوت “راگەیاندنی باری نائاسایت بۆ چییە تۆ تائێستا هەرچی ویستووتە كردوتە و پرسیشت بە كەس نەكردووە

بە مالیكیم گوت “راگەیاندنی باری نائاسایت بۆ چییە تۆ تائێستا هەرچی ویستووتە كردوتە و پرسیشت بە كەس نەكردووە
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان د.رۆژ نوری شاوەیس گوتی: لەوبڕوایەدا نیم ئەم حاڵەتەی ئێستا لە پڕ روویدابێت، بەو شێوەیەش لێكنادرێتەوە، چونكە بارودۆخی ئەمنی لە ساڵی پارەوە رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبوو، ئێمە ئاگاداری هەمووانمان كرد كە بەو شێوەیەی ئێستا ناتوانرێت بەرەنگاری ئەو مەترسییە ئەمنیانە ببینەوە، ئەگەر بە شێوەیەكی دروست رەفتار نەكەین، بە تایبەتی جەنابی سەرۆك بارزانی چەند جارێك منی راسپاردووە بە شەخسی و هەروەها هێزی دەرەوەش ئاگاداری ئەوە بوون، كە بارودۆخی موسڵ زۆر لە مەترسیدایەو پێویستی بە هەماهەنگی هەیە لە نێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بۆ چارەسەری بارودۆخی موسڵ بە تایبەتی، بۆ ئەم پرسە مالیكی هیچ كاردانەوەیەكی ئەرێنی نەبووە، لەبەرئەوە شتێكی نامۆ نییە لە دۆخی پاشی هەڵبژاردن و لە دۆخێكدا كە هێزەكانی عێراق ناكۆك بن و سوننەو شیعە لە ململانێدا بن و هێزە ئەمنیەكان بە شێوەیەكی رێكوپێك رەفتار نەكەن لە بەرانبەر پێكهاتەی سوننەدا.
هەروەها دكتۆر رۆژ گوتی: بارودۆخی عێراق لە دوڕیانێكدایە یان گۆڕانكارییەكی سیاسی رێكوپێك دەكەوێتە عێراقەوە، حكومەتێك دروست دەبێت لەسەر ئەو بنەما بنچینەییانەی كە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان داوای دەكات لەسەر بنەمای دەستوور و شەراكەتی راستەقینەو تەوافوق لە هەموو بوارە ستراتیژیەكاندا و هەروەها هاوسەنگی لە هەموو دەزگاكانی ناوەندی حوكمی فیدراڵیدا لە بەغدا، ئیتر چ لە بواری ئەمنی یان بوارەكانی ئابووری و سیاسەتی دەرەوەو بوارەكانی تریش ئەگەر لەسەر ئەو بنەمایە حكومەت دروست نەبێت، ناتوانین عێراقێكی یەكگرتوومان هەبێت و بڵێین ئەمە دەوڵەتی عێراقە.
لە درێژەی دیدارەكەیدا شاوەیس گوتی: كورد لە هەرێمی خۆیدا دەتوانێت خۆی بپارێزێت، كەواتە هەر كەسە لە شوێنی خۆی فەرمانڕەوایی خۆی دەكات و وڵاتەكە بەرەو جیابوونەوە دەبرێت، دیار نییە ئاكامەكانی ئەو جیابوونەوەیە چی دەبێت، ئایا رێگە دەدات بەوەی عێراق لایەكی گەشە بكات بەبێ لایەكانی تری، ئەمانە پرسیارن لەگەڵ هاتنە پێشەوەی وەزعەكاندا وەڵام دەدرێنەوە ئێستاش ئەم دووڕیانە هەیە.
شایانی باسە د. رۆژ گوتی: لایەنی هاوپەیمانی نیشتمانی عێراقی داوای لە هەموو لایەك كردووە دژ بەو تیرۆریستانە بوەستنەوە، كە پاشماوەكانی حزبی بەعسیان زیندوو كردۆتەوە، ئێمەش وەك كورد داوامان كردووە كە بە یەكڕیزی بەرەنگاریان ببینەوە، بەڵام ئەو یەكڕیزیە چۆن دروست دەبێت كە تۆ هیچ رێككەوتنێكی سیاسیت نەبێت، داوای كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران و كۆبوونەوەی سەركردایەتی هێزە سیاسییەكانی عێراق كراوە بە راشكاوی ئێمەش وتوومانە یەكڕیزی و وەستانەوە بەرانبەر ئەو تیرۆریستانە پێویستن.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە (981)
Top