ژووری عەمەلیات بۆ تاوتووكردنی ڕەوشی ئاوارەكانی مووسڵ پێك هێنرا
پێشنیوەڕی ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەك لە نێوان جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری ڕێكخراوە نیودەوڵەتییەكان د. دیندار زێباری و نوێنەرانی كۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری ئاوارەكان و نوێنەری یۆنامی و بریكاری وەزیری عێراق بۆ كاروباری كۆچ و كۆچبەران ئەخزەر موسەوی، لەگەڵ نوێنەرانی هەر سێ پارێزگای هەرێمی كوردستان، هەروەها نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی كۆچ و كۆچبەرانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەنجام درا.
لە كۆبوونەوەكەدا باس لە ڕەوشی ئاوارە ناوخۆییەكانی عێراق بە گشتی و ئاوارەكانی مووسڵ بە تایبەتی كرا و د. دیندار پێشنیازی ئەوەی كرد كە میكانیزمێك بۆ پێكەوەكاركردن و هەماهەنگیكردن دابنرێت و ژووری عەمەلیات پێك بهێنرێت تاوەكو هاوكاری و یارمەتییەكان بە باشترین شێوە دابەش بكرێن. لایەنە بەشداربووەكانی كۆبوونەوەكە لەسەر ئەم پێشنیازە هاوڕا بوون و لە ئەنجامدا بریار درا كە بەردەوام بن لەسەر گۆڕینەوەی زانیارییەكان و هەماهەنگیكردنی بەردەوام و ژووری عەمەلیاتیش پێك هێندرا.
لەو كۆبوونەوەیەدا جەخت كرایەوە كە پێویستە بە زووترین كات هەنگاوی عەمەلی هەڵبگیرێت بۆ دابینكردنی پێداویستی و خزمەتگوزارییە بەپەلەكان، وەك خۆراك و خێمە و ئاوی خواردنەوە و...هتد. دواتر هەڵسەنگاندنێكی ورد و بەردەوام بكرێت بۆ سرووشتی پێداویستییەكان، لە هەمان كاتدا باس لەو كێشە و دژوارییانە كرا كە دێنە پێش پرۆسەی دابینكردنی پێداویستییەكان، وەك نەبوونی سەرچاوەی دارایی پێویست لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەكان، كە لەم ڕووەوە بریكاری وەزیری عێراق بۆ كاروباری كۆچبەران داوای كرد كە ڕاپۆرتی تێروتەسەلی پێ بدرێت بۆ ئەوەی لە ڕێی خۆیەوە پەیوەندی بە وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی عێراقەوە بكات، وەك وەزارەتی تەندروستی، وەزارەتی بازرگانی و تەنانەت وەزارەتی شارەوانییش تاوەكو بەشدار بن لە دابینكردنی پێداویستییەكاندا.
بە هەمان شێوە جەخت لە گرنگیی تۆماركردن و نیشتەجێكردنی ئاوارەكان كرایەوە و لە كۆتاییشدا بڕیار لەسەر چەند خاڵێكی گرنگ درا:
1- بڕیار درا كە كۆبوونەوەی هەفتانە بكرێت بۆ ڕێكخستنی هەوڵەكان و كاراكردنی میكانیزمی پێكەوەكاركردن.
2- جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە ئەنجامدانی هەماهەنگی زۆر گرنگە و باس لەوە كرا كە ئەمە كارێكی مرۆییە و پێویستە هەموومان هەوڵی سەركەوتنی ئەم پرۆسەیە بدەین.
3- بە زووترین كات دەست بە دەستنیشانكردنی سەرجەم پێداویستییە بەپەلەكان بكرێت.
4- هەروەها بڕیار درا كە پرۆسەی تۆماركردنی ئاوارە ناوخۆییەكان خێراتر بكرێت.
5- بە هەمان شێوە بڕیار درا كە كار لەسەر یەكلاكردنەوەی پێگەی یاسایی (اقامە)ـی ئاوارەكان بكرێت.
