عەلی قەرەداخی : هەر پێشمەرگەیەك بكوژرێت شەهیدە
د.عەلی قەرەداخی، ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی ئیسلامی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە ئەركێكی ئاینی و پیرۆزدان بۆ بەرگریكردن لە سنووری هەرێمی كوردستان و خەڵكی ناوچە دابڕێندراوەكان، ئێمە بە پشتبەستن بە دەقەكانی قورئانی پیرۆز و فەرموودەی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) كە دەڵێ: هەر كەسێك بەگریی بكات لە نەفس و شەرەف و ماڵ و سامانی خۆی و بكوژرێت شەهیدە، چونكە پێشمەرگە بەرگری لە خەڵكی مەزوڵمی ناوچە دابڕێندراوەكان دەكات و ئاسایش و ئارامی خەڵكی مەدەنی دەپارێزێت، بۆیە بەپێی ئاینی بەرزی ئیسلام ئەوان بە شەهید حساب دەكرێن".
قەرەداخی گوتیشی: "پێشمەرگە بەرگری دەكات لە خەڵكی مسوڵمان بە شیعەو سوننەو و غەیرە مسوڵمان، ئەوان دەستدرێژییان نەكردۆتە سەر كەس، بەڵكو لە حاڵەتی بەرگری و پڕكردنەوەی فەراغی ئەمنین لە سەر ئەم بنەمایە ئێمە كوژرەوەكانی پێشمەرگە بە شەهید حساب دەكەین و ئەوانەی زوڵم و دەستدرێژی دەكەنە سەر ماڵ و موڵك و سەرو گیانی مسوڵمان و خەڵكی مەدەنی بێتاوان بە پێی شەرع شوێنیان ئاگری دۆزەخە".
لەدوای تێكچوونی رەوشی عێراق و پێشڕەویكردنی چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسراو بە "داعش" بۆ موسڵ و كۆنترۆڵكردنی، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەرەو ئەو ناوچانە جووڵێنرا كە سوپای عێراق تێیدا پاشەكشەی كردو ئێستاش تەواوی ناوچە دابڕێنراوەكان بە كەركووكیشەوە لەژێر كۆنترۆڵی پێشمەرگەدایە.
