وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر بۆردوومانەکەی سوپای عێراق روونکردنەوە دەدات
عەمید هەڵگورد حیکمەت، بەڕێوەبەری راگەیاندن و رۆشنبیری و هۆشیاری وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "تاوەکوو ئێستا روانگەیەکی روونمان نییە بۆ ئەو هێرشە ئاسمانییە ، ئەوەی کە گرینگە فڕۆکەکان بۆردوومانیان کردووە ، بەڵام خۆشبەختانە هێزی پێشمەرگە لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانە تووشی زیان نەبووە."
پەیامنێری رووداو لە سەعدیە گواستیەوە کە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ 2 هەلیکۆپتەری سوپای عێراق بۆردوومانی هێزی پێشمەرگەیان کردووەو لەئاکامیشدا 3 پێشمەرگە برینداربوون.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە سەبارەت بە قوربانیدانی هێزی پێشمەرگە لە ئەنجامی ئەو هێرشە گوتی"هیچ پێشمەرگەیەکمان لە ئەنجامی ئەو هێرشانە نە بریندار بووە و نە شەهید بووە، بەڵام لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ چەکدارانی داعش و بە گولە هاوەنەکانی ئەوان 2 پێشمەرگە شەهید بوون و چەند بریندارێکیشمان هەبووە."
سەبارەت بەوەی کە ئەو هێرشە بە ئەنقەست بووە یان هەڵە ، هەڵگورد حیکمەت گوتی "دەمێنیتەوە بۆ سەرکردایەتی سیاسی کە بزانین دەرەنجامەکەی چۆن دەکەوێتەوە و کاتیشی دەوێت".
بەڕێوەبەری راگەیاندن و رۆشنبیری و هۆشیاری وەزارەتی پێشمەرگە جەختیکردەوە کە "پێشمەرگە دوای ئەو بۆردوومانە بە هیچ شێوەیەک تەنانەت یەک مەتریش لە شوێنەکەی خۆیان نەکشاونەتەوە".
هەڵگورد حیکمەت راشیگەیاند کە هێزی ئاسمانی عێراق تاوەکە ئێستا روونکردنەوەی لەوبارەاو نەداوەو گوتی"ئێمە چاوەڕێ دەکەین".
رووداو
