وەزارەتی پێشمەرگە: هەر شوێنێك بگرین ناكشێینەوە

 وەزارەتی پێشمەرگە: هەر شوێنێك بگرین ناكشێینەوە
هێزەكانی پێشمەرگە تەواوی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیان كۆنترۆڵكردووە و بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێت "هەر شوێنێك بگرین ناكشێینەوە و هیچ پاشەكشێیەك لە بەرنامەماندا نییە".

فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو) ئاماژەی بەوە کرد کە هیچ شوێنێكی ناوچە دابڕێندراوەكان نەماوە لە کۆنتڕۆڵی پێشمەرگەدا نەبێت و رایگەیاند "هەموو ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە ژێر کۆنتڕۆڵی پێشمەرگەدان و هیچ ناوچەیەک نەماوە دەستمان بەسەریدا نەگرتبێت."

پرسیارێکی زۆر لای هاووڵاتیان دروستبووە سەبارەت بەوەی پێشمەرگە لەو شوێنانەی کە کۆنتڕۆڵی کردوون دەمێنێتەوە یان پلانی هەیە بۆ پاشەکشە. لە وەڵامیشدا عەمید هەڵگۆرد حیکمەت، بەڕێوەبەری راگەیاندن و رۆشنبیری و هۆشیاری وەزارەتی پێشمەرگە بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو) دەڵێت "پاشەکشە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە پلانماندا نییە و بە هیچ شێوەیەک ناکشێینەوە."

هەڵگورد حیکمەت گوتیشی"لە هەر شوێنێک کە پێشمەرگەی لێبێت و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بێت، ئاڵای کوردستانی تێدا هەڵدەدەین."






رووداو
Top