سەرۆك وهزیران دەستخۆشی لە تەمەر ڕەمەزان دەكات
بەڕێز تەمەر ڕەمەزان پارێزگاری پێشووی دهۆك.
ئەمڕۆ پارێزگارێكی نوێ بۆ پارێزگای دهۆك هەڵبژێردرا و بۆ ئێوەش تۆمارێكی پڕ دەستكەوت لە خزمەتكردنی شاری دهۆك و پارێزگای دهۆك بە شایەتیی ئێمە و خەڵكی پارێزگای دهۆك بە خۆشەویستییەكی ئەوتۆوە مۆر كرا كە هەرگیز لە بیر ناكرێت.
خەباتی ئێوە وەك پێشمەرگەیەكی ئازا، وەك فەرماندەیەكی ڕۆژە سەختەكان بە هیچ شێوەیەك لە بیر ناكرێت. ئێوە ئازایانە گیانی خۆتان دادەنا و لە پێشەوە هەنگاوتان دەنا لەپێناو وڵاتەكەتان و باوەڕەكەتان. هەروەها لە ئیدارەكردنی پارێزگای دهۆكدا دڵسۆزیی گەورەتان نیشان دا بۆ خزمەتكردنی خەڵكی ئەو پارێزگایە. من وەك سەرۆك وهزیران شایەتیی ئەوە دەدەم كە زۆر دڵسۆزانە هەوڵتان دەدا پڕۆژەی گەورە بۆ پارێزگای دهۆك بكرێن و بەردەوام پێشكەوتنی زیاتر لە پارێزگای دهۆك بەدی بهێنن، ئەوەش جێگەی دەستخۆشیی بەردەوامی ئێمە و خەڵكی خۆشەویست و وەفاداری دهۆكە.
كاروانی ئاوەدانی و سەركەوتنی كوردستان هێشتا زۆری ماوە و كەسانی دڵسۆزی وەك ئێوەش هەمیشە پێویستن بۆ پێشكەوتن و خزمەتكردنی كوردستان.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆك وهزیرانى ههرێمى كوردستان
12ى حوزهیرانى 2014
