هێزی پێشمەرگە كۆنتڕۆڵی سەرجەم ناوچە دابڕێنراوەكانی مووسڵی كرد
فەرماندەی فەرماندەیی سپیلك عەمید عەبدولڕەحمان كەوینی، لە لێدوانێكدا بۆ KDP.infoگوتی: "لە سەعات 9ـی شەوەوە بۆ 10، داعش لە هێڵی هێرشبردندا بوو، بەڵام دواتر هێزی پێشمەرگە پەلاماریان دا و بەرەو سنووری سووریا ڕایان كرد، ئەو ناوچانەیش كە لە بەردەستیان بوو، سەرجەمیان چۆڵ كردن و ئێمە شوێنمان گرتنەوە".
گوتیشی: "شوێنی هێزەكانی ئێمە لە فیشخاپوورەوە دەست پێ دەكات هەتا دێتە (ڕەبیعە) و دواتر 70 كیلۆمەتر بەرەو ئاراستەی ڕومادی لە ڕۆژهەڵاتیشییەوە دێتەوە بەرەو شەنگال و مووسڵ، ئەو بازگەیەی ئێمەی لێین كۆتا هێڵە و بەرەو سووریا دەڕوات، بەشێكیشی بەرەو پارێزگای ئەنبار دەڕوات".
لەبارەی چوونی هێزی پێشمەرگە بۆ ناو شاری مووسڵ، فەرماندەی هێزی سپیلك ئەوەی خستە ڕوو كە تا ئێستا هیچ زانیاری و ڕێنماییەك لەو بارەیەوە نەدراوە، چونكە هێزی پێشمەرگە نابێتە بەشێك لەو شەڕە، بەڵام سەرجەم ناوچەكانی ماددەی 140 لە پارێزگای مووسڵ لە داعش پاك كراونەتەوە و ئێستا لە ژێر دەستی هێزی پێشمەرگەدان. گوتیشی: "خەڵك لەو شوێنانە گەڕاونەتەوە سەر كاری خۆیان و ژیان ئارامە و شارەوانی دەستی بە خاوێنكردنەوەی شوێنەكانی شەڕ كردووە".
