ڕووفاتی 56 ئەنفالکراوی گەرمیان بە خاک سپێردران
ئەمرۆ پێنجشەممە 12\6\2014 بە بەشداریی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و بەرپرسە حکوومی و حیزبییەکان و نوێنەری رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیم رووفاتی 56 ئەنفالکراو لە نەخۆشخانەی شەهید ئەحمەد لە ناحیەی "بێباز"-ەوە بەرەو گۆڕستانی دێبنە لە ناحیەی رزگاری رەوانە کرا و لەوێیش لە رێورەسمێکی شایستەدا بە خاک سپێردران.
گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکانی هەرێمی کوردستان فواد عوسمان بە kdp.info-ی راگەیاند کە رووفاتی ئەو 56 ئەنفالکراوە ماوەیەک پێش ئێستا دۆزراونەتەوە و بەشی هەرەزۆریان هیی نوگرەسوڵمانن. ئەو ئاشکرایشی کرد بەهۆی تاقیکردنەوەی "دی ئێن ئەی" و کارە ئیدارییەکانی بەخاکسپاردنی ئەو رووفاتانە دواکەوت.
گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان هاوکات گوتی کە، بەهۆی ئەو بارودۆخە نائاساییەی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەئارادایە، پرۆسەی دۆزینەوە گۆرە بەکۆمەڵەکان تووشی گرفت دەبێت، راشیگەیاند ئەگەر ئەو دۆخە بەردەوام بێت، دۆزینەوە گۆڕە بەکۆمەڵی دیکە لەئێستادا ئەستەم دەبێت.
