هیچ ڕێككه‌وتنێك له‌ نێوان نێچیرڤان بارزانى و نوورى مالكیدا نه‌كراوه‌

هیچ ڕێككه‌وتنێك له‌ نێوان نێچیرڤان بارزانى و نوورى مالكیدا نه‌كراوه‌
ئاژانسى ده‌نگوباسى "ڕۆژى هه‌شته‌م" ـ الیوم الثامن ـ بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌ و هه‌ندێ له‌ ده‌زگاكانى دیكه‌ى ڕاگه‌یاندیش گواستوویانه‌ته‌وه‌ گوایه‌ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و نوورى مالیكى سه‌رۆك وه‌زیرانى عیراق به‌ سه‌رپه‌رشتیى ئه‌مه‌ریكا ڕێككه‌وتوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى عیراق ڕێگه‌ بدات هه‌رێمى كوردستان نه‌وتى خۆى بفرۆشێت، له به‌رامبه‌ردا هێزه‌كانى پێشمه‌ر‌گه‌ له‌ مووسل شه‌ڕى چه‌كدارانى داعش بكه‌ن. ‌

له‌مباره‌یه‌وه‌‌ سه‌فین دزه‌یى وته‌بێژى فه‌رمیى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ لێدوانێكى تایبه‌تدا بۆ ماڵپه‌ڕى حكوومه‌ت سه‌رله‌به‌رى ئه‌م هه‌واڵه‌ى به‌ درۆ خسته‌ و ڕایگه‌یاند: ئه‌م هه‌واڵه‌ ته‌واو دروستكراو و له‌ هه‌موو ڕاستیه‌كه‌وه‌ دووره‌ و هیچ بنه‌مایه‌كى نیه‌.

دزه‌یى هه‌ره‌وه‌ها دووپاتى كرده‌وه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و هێزه‌كانى پێشمه‌ر‌گه‌ پابه‌ندن‌ به‌ پاراستنى ئاسایش و سه‌قامگیریى هه‌رێم و هاووڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیدارى هه‌رێمى كوردستان، به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌كیش به‌رگرییان لێ ده‌كه‌ن و له‌ هیچ شوێنێك ڕێگه‌ ناده‌ن بكرێنه‌ ئامانج و بكه‌ونه‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌وه‌.
Top