پێشمەرگە سنووری نێوان سلێمان بەگ و دوزخورماتوو كۆنترۆڵ دەكات
شەوی رابردوو چەكدارانی داعش شارەدێی سلێمان بەگی سەر بە شارۆچكەی دووزخورماتویان داگیر كرد. لە ئێستاشدا مەترسی هەیە لەو شارەدێیەوە بەرەو ناوچەكانی دیكە و بە تایبەتی شارۆچكەی دووزخورماتوو هەنگاو بنێن.
لەبارەی دواین زانیارییەكانیشەوە بەرێوەبەری ئاسایشی دووزخورماتوو رائید فاروق ئەحمەد تایبەت بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ بۆ رێگەگرتن لە چەكدارانی داعش و هاتنیان بەرەو شارۆچكەی دووزخورماتوو، هێزێكی پێشمەرگەی كوردستان بەنزیكەی یەك كیلۆمەتر لە سلێمان بەگەوە جێگیركراون و بە شێوەیەكی زۆر باش كۆنترۆڵی ناوچەكەیان كردووە بە تایبەت سنووری نیوان سلێمان بەگ بۆ دووزخورماتوو.
فاروق ئەحمەد وتیشی، هاوكات هێزێكی دیكەی پێشمەرگە و چوار فەوجی پۆلیسی نەوت و گاز و فریاكەوتنی حكوومەتی هەرێم لە گەڵ هێزە كوردە جیابووەكەی لیوای 16، لە ناو دووزخورماتوو دەوروبەری جێگیركراون و بەهۆی ئەم هێزە كوردییانەشەوە ناوچەكە ئارامییەكی باشی بەخۆیەوە بینیوە و هیچ مەترسییەك لە سەر شارۆچكەكە نییە.
