فەوجێكی سوپای عێراق تەسلیمی پێشمەرگە بوون

 فەوجێكی سوپای عێراق تەسلیمی پێشمەرگە بوون
بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن و رۆشنبیری وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند "ئەمنییەتی هەرێمی كوردستان لەسەرووی هەموو شتێكەوەیە و هێزی پێشمەرگە دەبەینە ئەو شوێنانەی كە سوپا بەجێیانهێشتووە". گوتیشی فەوجێكی سوپا كە كوردیشیان تێدایە خۆیان رادەستی پێشمەرگە كردووە.

عەمید هەڵگورد حیكمەت، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن و رۆشنبیری وەزارەتی پێشمەرگە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "فەوجی 4ی لیوای 15 كە فەرماندەكەیان كوردە، شەوی رابردوو خۆیان تەسلیمی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان كردووە و وەزارەت پێشوازیی لێكردوون".

هەڵگورد حیكمەت سەبارەت بەو فەوجە گوتی "ئەو فەوجە خۆیان تەسلیمی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان كردووە، فەرماندەكەیان كوردە و كوردیشی تێدایە، وەك هێزەكانی دیكەی عێراق كە بەرەو ناوچەكانی خوارەوە دەڕۆن، ئەوان نەڕۆیشتوون و بەرەوە هەرێمی كوردستان هاتوون".

بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن و رۆشنبیری وەزارەتی پێشمەرگە رەتیكردەوە كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان تاوەكو ئیستا هیچ فەرمانێكی بۆ پێشمەرگە دەركردبێت و گوتی "لەراستیدا بۆشاییەكی زۆر مەترسیدار درووستبووە بە تایبەتی لە ناوچەكانی كەركووك و موسڵ، كاتێك كە سوپای عێراقی لێ نییە ئەوە دوو حاڵەتی هەیە ، یان دەبێت ئێمە لە جێی خۆمان راوەستین و داعش بێتە ئەو شوێنانە یان ئەوەی ئەو بۆشاییانە لە ناچاریدا پڕ بكەینەوە."

هەڵگورد حیكمەت ئاماژەی بەوە كرد كە پێشمەرگە دەبەنە ئەو شوێنانەی كە سوپا بەجێیانهێشتووە و رایگەیاند "ئێستا لە هەندێك شوێندا بۆشاییەكی ئەمنی مەترسیدار درووستبووە بەهۆی ئەوەی سوپای عێراق ئیرادەی خۆی لەدەستداوە و شوێنەكانیان بەجێدەهێڵن ، كە وای لێهاتووە بە ناچاری ئێمە هێزی پێشمەرگە دەبەینە ئەو شوێنانە كە سوپا بەجێیانهێشتووە و لە كەركووك شوێنی وامان هەیە كە ئێستا پێشمەرگە كۆنتڕۆڵی كردووە".







رووداو
Top