پارێزگاری تكریت داوای هاوكاری لە هێزی پێشمەرگە دەكات
بەڕێوەبەری ئاساییشی دوزخوورماتوو رائید فارووق ئەحمەد، بە kdp.infoـی ڕاگەیاند: لە سنووری شارۆچكەی دوزخوورماتوو بارودۆخەكە ئارام نییە، چونكە دوای ئەوەی دوێنێ هێزێكی زۆری سوپا و پۆلیسی عێراقی خۆیان رادەستی هێزی پێشمەرگە كرد، جێگەكەیان چۆڵ كردووە و داعش هاتوونەتە شوێنیان، بەڵام هیچ شەڕێك ڕووی نەداوە.
رائید فارووق ڕوونیشی كردەوە: لە دوێنێوە دوو لیوای هێزی پێشمەرگە هاتوونەتە نێو شارۆچكەی دوزخوورماتوو و دەوروبەری و كۆنتڕۆڵیان كردووە و چەكی قورسیشیان پێیە.
بەڕێوەبەری ئاساییشی دوزخوورماتوو زیاتر گوتی: سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پارێزگاری تكریت پەیوەندی بە ئێمەوە كرد و داوای كرد سلێمان بەگ لە داعش پاك بكەینەوە، بەڵام تا ئێستا بڕیارمان نەداوە ئەو كارە بكەین.
ئاماژەیشی دا كە لە ئێستادا ئەو ناوچەیە لە دەست ئاساییش و هێزەكانی پێشمەرگەدایە، تەنیا شارەدێی سلێمان بەگ و گوندێك نەبێت، كە ئەوانیش عەرەبنشینن.
