داوای كۆبوونەوەی بەپەلەی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت

 داوای كۆبوونەوەی بەپەلەی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت
فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان داوای كۆبوونەوەی بەپەلە لە سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكات و داوا دەكات دوو شاندی پەرلەمان رەوانەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بكرێن.

رابوون مەعروف، سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیان، "دوای شەڕ و پەلاماری تیرۆریستان بۆ ناوچەكانی موسڵ و گەرمیان و بە دیاریكراویش ناوچەی خورماتوو و جەلەولا، ئێمە لە فراكسیۆنی گۆڕان ئەمڕۆ یاداشتێكمان دایە سەرۆكایەتی پەرلەمان كە بەپەلە كۆببێتەوە."

سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بە ناوەڕۆكی یادداشتەكەیان كرد، کە داوایانكردووە "پەرلەمانی كوردستان بەپەلە دوو شاند بنێرێت، كە یەكێكیان بۆ ناوچەكانی موسڵ بێت و یەكێكی دیكەیان بۆ گەرمیان، جەلەولا و خورماتوو، بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداریی و بەدواداچوون بۆ رەوشی ئەمنی ئەو ناوچانە بكات و راپۆرتی خۆیان سەبارەت بەو كێشانە ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بكەن".

رابوون مەعروف هەروەها باسی لە خاڵێكی دیكەی یاداشتەكەیان كرد و رایگەیاند، "لەبەشێكی دیكەی یاداشتەكەماندا داوای كۆبوونەوەی بە پەلەی پەرلەمانی كوردستانمان كردووەو داوامانكردووە نوێنەرانی دامودەزگا حكومییەكانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەكەدا بەشدار بن".

سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، "ئێمە داواكەمان رادەستی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە ، بەڵام تاوەكو ئێستا وەڵامیان نەداوینەتەوە بۆ ئەوەی بزانین كاتەكەی كەی دەبێت".

هەروەها محەممەد عەلی یاسین، ئەندامی فراكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمە وەك فراكسیۆنی زەرد یاداشتێكمان داوەتە سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ ئەوەی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بكرێت سەبارەت بەو شەڕ و ئاڵۆزییانەی لە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان دروستبووە."

چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)، لە رۆژی پێنجشەممە 5.6.2014ـەوە لەنێو گەڕەك و كۆڵانەكانی شاری موسڵ دەبینرێن و شەوی رابردووش دەستیان بەسەر بەشێكی زۆری شارەكە و فڕۆكەخانەشدا گرتووە.









رووداو
Top