كارە پێویستیەكانی بە نێودەوڵەتبوونی مەرزی كێلێ بەردەوامە
بەڕێوەبەری گومرگی راپەڕین، جەوهەر رەسوڵ، ئاماژەی بەوەكرد كە تا ئێستا چەند فەرمانگەیەكی پێویست لە سنوورەكە كراوەتەوە و كاریش بۆ كردنەوەی چەند فەرمانگە و بەشێكی تر كراوە. داوش لە لایەنی پەیوەنداركراوە كە بێن سنوورەكە روپێو بكەن بۆ ئەوەی ئەو لوغم و تەقەمەنیەی لێیەتی پاكی بكەنەوە. بەدەر لەوەش كار لە دروستكردنی رێگای مەرزەكە لە سنوری هەڵشۆوە بۆ مەرزی كێڵی دەكرێت.
لەلایەكی ترەوە پارێزگای سلێمانی لە روونكردنەوەیەكدا ئاماژە بەوە دەكات كە وەفدێكی ئێرانی كە پێكهاتبون لەبەرپرسە ئیداریەكانی پارێزگای ئازربایجانی خۆرئاوا و نوێنەری شارەكانی سەردەشت و پیرانشار لەپەرلەمانی ئێران و سەرۆكی زانكۆكانی ئورمیە و سەركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران لەسلێمانی، سەردانی پارێزگای سلێمانیان كرد و لە كۆبوونەوەیەكدا گەشەپێدانی خاڵی سنووریی كێلێ باسی لێوەكرا كە ئەو خاڵە سنووریە گرنگی زۆری بۆ ئیدارەی ڕاپەڕین و پارێزگای ئازربایجانی خۆرئاوا هەیە.
لەو راگەیەنراوەی پارێزگای سلێمانیدا هاتووە كە پارێزگاری سلێمانی بە وەفدەكەی راگەیاندووە كە ئێمە ئامادەین سەرجەم ئەو فەرمانگەیانەی تێدا دابمەزرێنین كە پێویستە لەمەرزەكەدا پێویستن و هاوكات ئەنجامدانی پرۆژەی خزمەتگوزاری و قیركردنی رێگای مەرزەكە خراوەتە پلانی (2014)ەوە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە دواكەوتووە.
ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە كە ساڵانە بەبڕی زیاتر لە 50 ملیۆن دۆلار ئاڵوگۆڕ لەمەرزەكەدا هەیە.
