نێچیرڤان بارزانى پێشوازى له پارێزگارى ئورمییه كرد
له دیدارێكدا پێشخستنى په‌یوه‌ندییه‌كانى ئوستانى ئازه‌ربایجانى ڕۆژئاوا و پارێزگاى ئورمییه له‌گه‌ڵ پارێزگاى هه‌ولێر و چۆنیه‌تیى بره‌ودان به ئالوگۆڕى بازرگانى و دابینكردنى ئاسانكاریى زیاتر بۆ هاتوچۆى سنوورى نێوان هه‌ردوولا، هه‌روه‌ها فراونكردنى ڕێژه‌ى گه‌شتیارى له نێوان پارێزگاى هه‌ولێر و هه‌رێمى كوردستان و پارێزگاى ئورمییه و ناوچه‌كانى دیكه‌ى كۆمارى ئیسلامیى ئێران‌دا خرایه به‌ر باس و هه‌ردوولا ویستى خۆیان بۆ پته‌وكردنى په‌یوه‌ندییه‌كان و هه‌ڵنانى هه‌نگاوى كرده‌یى له‌م پێناوه‌دا دووپات كرده‌وه.
لاى خۆیه‌وه نێچیرڤان بارزانى وێڕاى به‌خێرهێنان، سوپاس و ستایسى ڕۆڵى پارێزگارى ئورمییه‌ى كرد كه بۆ جارى سێیه‌مه ده‌بێته‌وه به پارێزگار و ساڵى 1991یش كاتێك دواى ڕاپه‌ڕین؛ خه‌ڵكى كوردستان ئاواره‌ى ئه‌ودیوى سنوور بوو، وه‌ك پارێزگارى ئورمییه ڕۆڵێكى دیارى له هاوكاریكردنى هاووڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان و پێشكه‌شكردنى ئاسانكارى بۆ په‌ڕینه‌وه له سنوور و نیشته‌جێبوون و حه‌واندنه‌وه‌یان له كه‌مپه‌كان گێڕا و، كۆمه‌ك و یارمه‌تییه‌كى به‌رچاوى پێشكه‌ش به ئاواره‌كان كرد.
