هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ خانه‌قین كه‌وتنه‌ ئاماده‌باشییه‌وه‌ و چوونه‌ته‌ ناو جه‌له‌ولاوه‌

هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ خانه‌قین كه‌وتنه‌ ئاماده‌باشییه‌وه‌ و چوونه‌ته‌ ناو جه‌له‌ولاوه‌
هێزه‌كانی‌ لیوای‌ 3ی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ سنووری‌ خانه‌قین كه‌وتوونه‌ته‌ ئاماده‌باشییه‌وه‌ و هێزێكیش چووه‌ته‌ ناو شارۆچكه‌ی‌ جه‌له‌ولاوه‌، فه‌رمانده‌ی‌ لیواكه‌ش له‌ هه‌وڵدایه‌ بۆ مانه‌وه‌ی‌ هێزێكیان له‌و شارۆچكه‌یه‌، سه‌رقاڵی‌ هه‌ماهه‌نگیكردنیشن بۆ هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر گه‌ڕه‌ك وگونده‌ گومانلێكراوه‌كان.

ئه‌فسه‌رێكی‌ لیوای‌ 3ی‌ پياده‌ سه‌ر به‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان، كه‌ له‌ سنووری‌ قه‌زای‌ خانه‌قین نیشته‌جێكراون، به‌ خه‌ندانی‌ راگه‌یاند: "له‌دوای‌ دوو ته‌قینه‌وه‌كه‌ی‌ دوێنێی شارۆچكه‌ی‌ جه‌له‌ولا، كه‌ تیایدا ده‌یان كه‌س بوونه‌ قوربانی‌، فه‌رمانده‌ی‌ لیواكه‌ و هێزێكی‌ زۆر چوونه‌ ناو شارۆچكه‌كه‌وه‌".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو، كه‌ ئه‌و هێزانه‌ تائێستاش له‌وێ ماونه‌ته‌وه‌ و سه‌قاڵی‌ هه‌ماهه‌نگیكردنن بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌هاوبه‌شی‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی‌ سوپای عیراق هه‌ڵبكوتنه‌ سه‌ر ئه‌وگه‌ڕه‌ك و گوندانه‌ی‌ گومانیان لێده‌كرێت.

ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌، كه‌ نه‌یویست ناو و پله‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی‌ بڵاوبكرێته‌وه‌، وتیشی: "هێزه‌كانمان پشتێنه‌ی‌ ئه‌منییان دروستكردووه‌ و هه‌موومان له‌ ئینزارین".

ته‌ئكیدیشكرده‌وه‌، كه‌ هه‌موو ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ش كه‌ له‌ مۆڵه‌ت بوون بانگهێشتكراونه‌ته‌وه‌ و له‌ ئینزاردان.

ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا، كه‌ هه‌رچه‌نده‌ داوا له‌ هێزه‌كانیان كراوه‌ له‌ شارۆچكه‌ی‌ جه‌له‌ولا بكشێنه‌وه‌، به‌ڵام فه‌رمانده‌ی‌ لیواكه‌یان له‌ هه‌وڵدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ سوپای عیراقدا بكات و هێزێكی‌ پێشمه‌رگه‌ بۆ پاراستنی‌ شارۆچكه‌كه‌ و كورده‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌، بهێڵرێـنه‌وه‌.

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو، له‌ ئێستادا هێزێكی‌ دیكه‌یان به‌مه‌به‌ستی‌ پاڵپشتیكردنی‌ ئه‌و هێزه‌ی‌ له‌ جه‌له‌ولایه‌، له‌ ده‌ره‌وازه‌ی‌ شارۆچكه‌كه‌ رێگرییان لێكراوه‌ بچنه‌ ژووره‌وه‌ و چاوه‌ڕێی فه‌رمانی‌ سه‌رووی‌ خۆیان ده‌كه‌ن.

هاوكات، سه‌رچاوه‌یه‌ك به‌ خه‌ندانی‌ راگه‌یاند: "هێزه‌كانی‌ سوپای عیراق و سوات رێگری‌ ده‌كه‌ن له‌ هاتوچۆكردن بۆ ناو جه‌له‌ولا و ده‌رچوونه‌ ده‌ره‌وه‌، وتیشی: "خه‌ڵكێكی‌ زۆر له‌به‌رده‌م خاڵی‌ پشكنینی ده‌روازه‌ی‌ ئه‌و شارۆچكه‌یه‌، ئه‌مشه‌و ماونه‌ته‌وه‌ و نه‌یانهێشتووه‌ بچنه‌ ژووره‌وه‌".








خه‌ندان
Top