ئەنتەرنێت بۆتە هۆكاری ئەوەی هاووڵاتی هەموو ساتێك بەشداری پرۆسەی سیاسیی بكات

ئەنتەرنێت بۆتە هۆكاری ئەوەی هاووڵاتی هەموو ساتێك بەشداری پرۆسەی سیاسیی بكات
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان د.ئیناس مێرگل گوتی: من هاوڕام لەگەڵتاندا كە بەشێكی گەورەی ژیانی ئێمەی داگیر كردبێت. راستە خەڵكی و هاووڵاتیان لەڕێی ئەنتەرنێتەوە هەوڵ دەدەن «سمارت فۆن»ێك بكڕن، یاخود ئەنتەرنێت رابكێشن بۆ ماڵەكانیان، یاخود بچنە سەنتەرێك یان كتێبخانەیەكەوە بۆ ئەوەی دەستیان بە ئەنتەرنێتدا رابگات. هەروەها من لەوەدا هاوڕام كە حاڵی حازر دەستمان زیاتر بەزانیاری رادەگات، ئەویش بەهۆی ئەوەی سەرجەم رۆژنامەكان لە سەر هێڵی ئەنتەرنێت دادەنرێت و هەروەها گوڤارەكانیش.

هەروەها مێركل گوتی: یەكێك لە لایەنی مەسەلەكان بریتییە لەوەی ئەمە كاریگەری دەبێت لەسەر پرۆسەی بە دیموكراتیكردن، چونكە خەڵكی زیاتر ئەنتەرنێت بەكار دەهێنن و زانیاریان پێدەگات، كە ئەگەر وانەبووایە، ئەوا رەنگە خەڵكی ئێوارە لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەكان بیانبینیایە، ئەو كاتەش رەنگە حكومەت ئەو زانیاریانەی فلتەر بكردایە، لەبەر ئەوەی بە زۆری ئەو زانیاریانەی حكومەت دەیبەخشێت چەند زانیاریەكی سنووردارن، كە رەنگە ئەوە بەهۆی ئەو رێسا و یاسایانەوە بێت كە لە ئارادان كە بۆ نموونە، رەنگە تۆ هیچ شتێك نەڵێیت تاوەكو زانیاری تەواوت نەبێت.

شایانی باسە دكتۆر ئیناس گوتی: ئێستا كەلێنێكی گەورە هەیە لە نێوان بۆچوونی بەرپرسانی حكومەت بەوەی پێویستە هاووڵاتیان چی بزانن یان ئەوەی پێویستە چ زانیاریەك بە هاووڵاتیان بدرێت و داواكاری زۆری هاووڵاتیان بۆ زانیاری. یاخود هەندێ جار زانیاری هەڵە وەردەگرن، یاخود قسەو قسەڵۆك بڵاو دەكرێنەوە، بە تایبەتی كە زۆر بە ئاسانی دەتوانی لەڕێی سۆشیال میدیاوە پروپاگەندە بڵاو بكەیتەوە. بۆ نموونە ئێستا گەردەلوولێكی بەهێز هەیە لێرە، و رەنگە كەسانێك هەبن كە وا بڵاو بكەنەوە كە ئەمە روونادات و بەو پێیە هیچ ئامادەكاریەك نەكەن... بەڵام لەلایەكی دیكەوە كەسانێك هەن ترس و دڵەڕاوكێ بڵاو دەكەنەوە، و هەڵدەستن بە دەستكاریكردنی دیمەنێك(بە فۆتۆشۆپ) و ئینجا بڵاوی دەكەنەوە، كە راستیش نییە لە ژیانی راستەقینەدا رووینەداوە، بەڵام بە داخەوە ئەمە بە خێرایی بڵاو دەبێتەوە، هەروەك چۆن هەمیشە هەواڵی خراپ-زیاتر لە هەواڵی باش- بە خێرایی بڵاو دەبێتەوە و ئەمەش یەكێكە لە لایەنە خراپەكانی سۆشیال میدیا.

مێركل هەروەها باسی شۆڕشەكانی عەرەبی كرد و گوتی: من گریمانەی ئەوە دەكەم كە پرسیارەكەی ئێوە پەیوەستە بەوەی چۆن لە شۆڕشەكانی تونس و میسردا ئەنتەرنێت بەكار هات. ئەگەر وایە ئەوا دەبێت وریا بین و ئەمە بەسەر هەموو حاڵەتەكاندا جێبەجێ نەكەین، چونكە ئەم وڵاتانە بۆ ساڵانێكی زۆر لە ژێر دەسەڵاتی دیكتاتۆریەتدا بوونە، ناكۆكیە سیاسییەكە بە هیچ شێوەیەك بایەخی بە هاووڵاتیبوون نەداوە، لەبەر ئەوە دەبێت زۆر وریا بین نەڵێین ئەگەر حكومەت ئەوە نەكات، ئەوا میسرێكی نوێ دروست دەكەین، یان شۆڕشێكی نوێ دەكەین، چونكە شۆڕش كردن دەبێت رەوتێكی بەهێزی لە پشت بێت.



بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە (980) .
Top