دەستكراوە بە خەرجكردنی مووچەی مانگی ئایار و بەم نزیكانەش مووچەی مانگی حوزەیرانیش دەدرێت
هەروەها دزەیی لە وەڵامی پرسیارێكی گوڵاندا كە ئایا چۆن لەماوەی 6 مانگدا ئەم قەیرانە چارەسەر دەبێت؟ گوتی: كەس ناتوانێت نكۆڵی بكات لەوەی بڕیاری بودجە بڕین و مووچە بڕین لەلایەن خودی مالیكییەوە بووە، لە یەكێك لە كۆبوونەوەكاندا سەفائەدین سافی وەزیری دارایی حكومەتی فیدراڵ بە راشكاوانە پێی راگەیاندین كە بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران مووچەیان بڕیوە، دكتۆر رۆژ نوری شاوەیس كە لەوێ ئامادەبوو وتی ئەنجومەنی وەزیران هیچ بڕیارێكی لەو شێوەیەی نەداوە، دواتر ئینجا وەزیری دارایی لە قسەكەی خۆی پەشیمان بۆوەو وتی بەڵێ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و سەركردەی هێزە چەكدارەكان، ئەم پەرەگرافەی دوایی وەك گەفێك بەكارهێنا، كەواتە وادەردەكەوێت ئەمە بۆ خۆی بڕیارێكی نایاسایی و نامرۆڤانەیە كە بەغدا داوێتی، بۆیە ئێمە لەو سەروبەندەدا كۆمەڵێك هەنگاوی ترمان ناوە ئەویش بۆ كەمكردنەوەی خەرجیەكانی حكومەتی هەرێم و زیادكردنی داهات و ئیراداتی ناوخۆ و ئەو كۆمپانیایانەی كە لە هەرێمی كوردستاندا كار دەكەن، هەروەها گفتوگۆ لەگەڵ هەندێك ناوەندی تری جیهانی و بانكە جیهانیەكان كراوە قەرز وەربگرین و بتوانین تا ئەو ماوەیەی رێژەی نەوت لە هەرێمی كوردستان زیاد دەكرێت ئەو گرفتە داراییە چارەسەر بكەین و كەلێنەكان پڕبكەینەوە.
شایانی باسە سەفین گوتی: ئەو رێژەیەی كە ئێستا بەرهەمدەهێنرێت، دەتوانرێت نیوەی بۆ دەرەوە هەناردە بكرێت و نیوەكەی تری بۆ بەكارهێنانی ناوخۆ دابین دەكرێت، چونكە دەبوایە بەغدا 17% سووتەمەنی بۆ هەرێم بنێرێت، بەڵام ئەو رێژەیە كە دەینێرێت 5%ی ئەو رێژەیەش نییە لە بەنزین و نەوت و گازوایل و غاز و ئەمانە كە ئێستا دەبێت خۆمان دابینی بكەین لەو بەرهەمە خۆماڵیەی هەرێمی كوردستان، جاران ئەو رێژەیە بە تانكەر رەوانەی دەرەوە دەكرا بۆ گۆڕینەوە لەگەڵ توركیاو ئێران و ئازەربایجان لە بەرانبەر ئەوەی بەنزین و نەوتی سافیان لێ وەربگرین، بەڵام ئێستا كە بەرهەمهێنانی ناو پاڵاوگەكان بەرز بۆتەوە زیاتر بۆ ناوخۆی هەرێم ئامادە دەكرێت و ئەو بەرهەمەی نەوت دەكرێت نیوەی هەناردە بكەین و نیوەكەی تریشی بۆ دابینكردنی پێداویستیەكانی ناوخۆیە.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە (980)
