جەبار یاوەر: تەنیا بارزانی دەسەڵاتی جووڵەپێکردنی پێشمەرگەی هەیە

 جەبار یاوەر: تەنیا بارزانی دەسەڵاتی جووڵەپێکردنی پێشمەرگەی هەیە
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، کە تەنیا سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی جووڵەپێکردنی پێشمەرگەی هەیە.

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەكو ئێستا هەندێك ناوچە هەیە هێزی پێشمەرگە یان هێزەكانی دیكەی هەرێمی كوردستانیان تێدا نییە، ئەوەش بووەتە هۆكارێك بۆ ئەوەی هەلومەرجی ئەمنی ئەو ناوچانە بەردەوام ناجێگیر بێت و تیرۆریستان بەردەوام هەلیان بۆ رەخساوە و هێزەكانی حكومەتی عێراق نەیانتوانیوە بە باشی كۆنتڕۆڵی ئەو ناوچانە بكەن."

جەبار یاوەر هەروەها دەڵێت، "ئەگەر هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە ببوایە، ئەو هەموو تەقینەوە و كوشتنەی هاووڵاتیانی بێ تاوان، رووینەدەدا."

رۆژی رابردوو و لەدوای رووداوەكانی پارێزگای موسڵ، عەلی محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی بەرتللە رایگەیاند، "ئەو ناوچەیەی ئێمە كوردستانییە، داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین هێزی زیاتری پێشمەرگە و ئاسایش بۆ ئەو ناوچەیە بنێرن".

هەروەها غەزوان داوودی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە رووداوی راگەیاند، "داوا لە مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەین، هێزی پێشمەرگە و ئاسایشی زیاتر بنێرێت بۆ پاراستنی كوردانی موسڵ، بەتایبەت كوردە شەبەكەكان، كە بەردەوام بوونەتە ئامانجی چەكدارە تووندڕەوەكان".

لەو بارەیەوە جەبار یاوەر گوتی، "تاوەكو ئێستا من ئاگاداری ئەوە نیم، كە بە فەرمی داوایەك لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كرابێت بۆ ناردنی هێزی پێشمەرگە ، لەبەر ئەوەی داوایەكی لەو شێوەیە بۆ ئێمە نایەت و نازانم بۆ چ دەزگایەك دەڕوات."

جەبار یاوەر گوتیشی "جولاندنی هەرهێزێك لە هەرێمی كوردستان بۆ ناوخۆی هەرێم یان ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم یان بۆ دەرەوەی ئەو ناوچانەش، دەبێت بە رەزامەندی و فەرمانی جەنابی سەرۆك بارزانی ، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەكانی هەرێمی کوردستان بێت و لە هەرێمی كوردستان تەنها ئەو دەتوانیت جوڵە بە هێزی پێشمەرگە بكات."

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەشی بەوەكرد، "ئەو داواكارییانە دەبێت لەلایەن حكومەتی ئیتیحادییەوە بنێردرێت بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەبێت رەزامەنی سەرۆكی هەرێم وەربگرێت بۆ جوڵاندنی هێز."

جەبار یاوەر نەبوونی هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە بە مەترسی دادەنێت و دەڵێت، "تاوەكو ئێستا هەندێك ناوچە هەیە هێزی پێشمەرگە یان هێزەكانی دیكەی هەرێمی كوردستانیان تێدا نییە، ئەوەش بووەتە هۆكارێك بۆ ئەوەی هەلومەرجی ئەمنی ئەو ناوچانە بەردەوام ناجێگیر بێت و تیرۆریستان بەردەوام هەلیان بۆ رەخساوەو هێزەكانی حكومەتی عێراق نەیانتوانیوە بە باشی كۆنتڕۆڵی ئەو ناوچانە بكەن."

بەپێی گوتەی جەبار یاوەر، "هەر كاتێك كە هێزەكانی هەرێمی كوردستان بۆیان بڕەخسێت لە رووی یاساییەوە، كە ئەو ناوچانە بپارێزن، ئێمە بە ئەركێكی پیرۆزی خۆمانی دەزانین بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە بە كورد، عەرەب و توركمان و هەموو لایەكەوە."

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە رەخنەی لە حكومەتی عێراقی گرت، كە هاوكاری ناكەن بۆ دابینكردنی ئاسایش و رایگەیاند، "بەداخەوە حكومەتی ئیتیحادی رەزامەندی خۆی نیشان نەداوە تاوەكو ئێستا و ئامادەیی هەماهەنگی و هاوكاری نەبووە لەو ناوچانە لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە، بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاسایشی ئەو ناوچانە."

جەبار یاوەر پێیوابوو دوو مەرج هەیە بۆ جوڵەی هیزی پێشمەرگە بەرەو ئەو ناوچانە، "یەكەمیان رەزامەندی و رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی ئیتیحادی، دووەمیشیان ئەوەیە كە، هێزەکانی حکومەتی ئیتیحادی نەیانتوانی ژیانی هاووڵاتیان و دامودەزگا حكومییەكانی ئەو ناوچانە بپاریزن".

ئەو كات بە قسەی جەبار یاوەر، "ئەگەر داواكرا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان یان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جەنابی سەرۆك بارزانی بڕیاری ناردنی هێزی دا و رەزامەند بوو، كە بڕۆین بە هانای خەڵكەوە، ئەوكات بەبێ یەك و دوو فەرمانی سەرۆك بارزانی جێبەجێ دەكەین."

دوای تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێک لە گوندی موەفەقییە و هێرشی چەکدارانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)، بەڕێوەبەری ناحیەی بەرتللە رایگەیاند، "ئەم ناوچەیە کوردستانییە، بۆیە داوا لە هەرێمی کوردستان دەکەین هێزی زیاتری پێشمەرگە و ئاسایش بنێرێتە ناوچەکە، بۆ پاراستنی کوردانی پارێزگای نەینەوا".










رووداو
Top