دوو تەقینەوە ئاسایشی جەلەولا و کۆمیتەی یەکێتی دەکەنە ئامانج

 دوو تەقینەوە ئاسایشی جەلەولا و کۆمیتەی یەکێتی دەکەنە ئامانج
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو و خۆکوژێک لەنزیک ئاسایشی ناحیەی جەلەولا و کۆمیتەی جەلەولای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تەقینەوە و بەگوتەی بەڕێوەبەری ناحیەکە، وێڕای زەرەر و زیانی زۆری ماددی، تەقینەوەکان کوژراو و برینداریان لێکەوتووەتەوە.

ئەنوەر حوسێن، بەڕێوەبەری ناحیەی جەلەولا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 8.6.2014، ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لەنێوان ئاسایشی ناحیەی جەلەولا و کۆمیتەی جەلەولای یەکێتی تەقییەوە و دوای کۆبوونەوەی خەڵک و هێزە ئەمنییەکانیش، خۆکوژێک خۆی تەقاندەوە".

بەڕێوەبەری ناحیەی جەلەولا راشیگەیاند، "ئاماری کوژراو و برینداران لەبەردەستدا نییە، بەڵام تەقینەوەکان کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە".

لەبارەی ئاماری کوژراو و بریندارەکان، خەلیل خوداداد، بەرپرسی کۆمیتەی یەکێتی، کە بەهۆی تەقینەوەکان بە سووکی برینداربووە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، تەقینەوەکان بوونە هۆی کوژرانی 10 کەس و برینداربوونی 40 کەسی دیکە.







رووداو
Top