سبەی كۆبوونەوەیەكی دیكەی حكومەت و پەرلەمان بەڕێوەدەچێت
د. شێركۆ جەودەت، سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند كاژێر 2ی دوانیوەڕۆی سبەی یەكشەممە، لیژنەی سامانە سروشتییەكانی پەرلەمان لەگەڵ راوێژكارانی یاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە تەلاری پەرلەمان كۆدەبێتەوە.
د. شێركۆ جەودەت، روونیكردەوە كۆبوونەوەكە لەسەر داواكاری و پێشنیازی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێمی كوردستانە، كە لە كۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە پەرلەمان داوای ئەنجامدانی ئەو كۆبوونەوەی كرد.
سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سامانە سروشتییەكان ئاماژەی بەوەكرد، كە لە كۆبوونەوەكەدا رەهەندی یاسایی و چۆنێتی رێكخستنی پەیوەندییەكانی لیژنەكەیان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە رووی یاسایی تاوتوێ دەكرێت، تاوەكو پێكەوە راستەوخۆ بچنە نێو پڕۆژە ستراتیژییەكان.
د. شێركۆ جەودەت، گوتیشی هەر لە كۆبوونەوەكەدا پرسی رەشنووسی پڕۆژەیاسای سندوقی داهاتی نەوت و غاز و دامەزراندنی كۆمپانیای نەوتی تایبەت بە هەرێمی كوردستان لەوانە كەپكۆ و كۆمۆ باسیان لێو دەكرێت.
رووداو
