ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ئامادەباشیدایە
رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق و شام (داعش)، چەند گەڕەكێكی شاری موسڵی كۆنترۆڵ کردووە و خەڵكێكی زۆریش لە ترسی پێكدادانەكان هەڵاتوون و بەڕێوەبەری ئاسایشی دهۆکیش رایدەگەیەنێت، کە هێزەکانیان لە ئامادەباشیدان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێک.
عەمید بژار كورەماركی، بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگای دهۆك بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمە هاوسنوورین لەگەڵ پارێزگای موسڵ، بە دڵنیاییەوە تێكچوونی ئاسایشی ئەو پارێزگایە كاریگەری لەسەر ئێمەش دەبێت."
بەڕێوەبەری ئاسایشی دهۆك ئاماژەی بەوەكرد، كە "تاوەكو ئێستا هیچ جموجوڵێك لە سنووری پارێزگای دهۆك نەكراوە، كە مەترسی بێت بۆ سەر ئاسایشی ئێمە، بەڵام ئێمە رێوشوێنی خۆمان دەگرینەبەر و لە هەموو لایەكەوە لە ئامادەباشیداین."
پێشتر یاسر هاشم، بەڕێوەبەری ئاسایشی موسڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەبەرەبەیانی ئەمرۆ لە گەڕەكەكانی یەرموك، 17ی تەمووز، قاهیرە و ئینتیسار، پێكدادان لەنێوان چەكدارانی داعش و هێزە ئەمنییەكان بەردەوام بووە و تاوەكو ئێستاش درێژەی هەیە، هاوكات خەڵكێكی زۆریش لە ترسان هەڵاتوون و روویان لە ناوچە ئارامەكانی دیكەی شاری موسڵ و هەرێمی کوردستان كردووە، بەتایبەتی ناوچەی زومار".
رووداو
