"هەرێمی كوردستان دراوى تایبەت بە خۆی دەردەكات"
سۆران عومەر، پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو) ی راگەیاند "لە كۆبوونەوە داخراوەكەی دوێنێی نێوان سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆك فراكسیۆنەكان لەگەڵ شاندەكەی حكومەت، ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان باسی چاپكردنی دراوی تایبەت بە هەرێمی كوردستانی كردووە كە لە داهاتوودا هەرێمی كوردستان دراوی تایبەت بە خۆی دەبێت".
لە سەرتایی پرۆسەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، ئەمەریكا داوایكرد هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوتی كوردستان لە رێگەی بەغدا بێت و بە رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بێت، ئەو پەرلەمانتارە لەبارەی ئەو هەڵوێستەی ئەمریكا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە نێچیرڤان بارزانی بە پەرلەمانتارانی راگەیاندووە "كە ئەمریكا ئەو هەڵوێستی كە پێشتر رایگەیاندووە لە مە زیاتری نابێت".
سۆران عومەر كە هاوكات سەرۆكی لێژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانە راشیگەیاند "هەرێمی كوردستان 500 ملیۆن دۆلاری بە قەرز لە كۆمپانیایەكی توركی وەرگرتووە و مووچەی مانگی رابردووی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەو قەرزە دراوە، هاوكات چەندین بانكی نێودەوڵەتیش ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە كە پارە بە قەرز بدەنە هەرێمی كوردستان".
دوێنێ چوارشەممە 4 حوزەیرانی 2014، نێچیرڤان بارزانی بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەی پێشتر پەرلەمانتاران ئاراستەیان كردبوو سەبارەت بە قەیرانی دارایی و پرسی بوودجە و نەوت لەگەڵ شاندێكی حكومی چووە پەرلەمان و بەشداری كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆك فراكسیۆنەكانی كرد.
رووداو
