گەرمیان.. بۆ یەكەمجار ئافرەتێك بە هۆی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر سزادەدرێت

گەرمیان.. بۆ یەكەمجار ئافرەتێك بە هۆی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر سزادەدرێت
پاش ئەوەی لە ماوەی رابردوودا، ئاسایشی گەرمیان سێ كەس كە یەكێكیان ئافرەتە بە تۆمەتی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیركرد، لە لایەن دادگای تاوانەكانی كەركووك – گەرمیانەوە بە سێ ساڵ زیندانی سزادران. بە پێی زانیاریەكانیش یەكەمجارە لە سنوری گەرمیان ئافرەت لە سەر مادەی هۆشبەر سزادەدرێت.

بەرێوەبەری راگەیاندنی ئاسایشی گەرمیان نەقیب عوسمان عەبدولكەریم بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ پاش ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا چەند تۆمەتبارێك بە تۆمەتی ئالودەبوون و بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە لایەن هێزەكانی بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیانەوە دەستگیركران و ڕوو بە ڕووی یاساكرانەوە، پاش چەندین دانیشتنی دادگاو خستنە ڕووی بەڵگەكانی تاوان و دانپێدانانی تۆمەتباران، لە ئاكامدا لە لایەن دادگای تاوانەكانی كەركووك- گەرمیانەوە هەر تاوانبارەكە بە سێ ساڵ زیندانی سزادران.

عوسمان عەبدولكەریم ئەوەشی خستەڕوو، ئەو تاوانبارانە دوانیان كوردن بە ناوەكانی "ش، ح، گ" و "د، ا، م" هەروەها یەكێكیشیان ئێرانییە بە ناوی "س، ش، م" و بە پێی ماددەی 14 بڕگەی 2 لە یاسای هۆشبەر بۆ ماوەی سێ ساڵ زیندانی سزادران.

بە پێی زانیارییەكانی ئاژانسی هەواڵی پەیامنێر یەكێك لە تاوانبارەكان ئافرەتەو كوردە و ئەمەش یەكەم حاڵەتی سزادانی ئافرەتە لە سنووری گەرمیان كە بەهۆی مادەی هۆشبەرەوە زیندانی دەكرێت.

بەرێوەبەری راگەیاندنی ئاسایشی گەرمیان وتیشی، هەرسێ تاوانباری ناوبراو بۆ بە سەر بردنی ماوەی سزاكەیان ڕەوانەی بەرێوەبەرایەتییەكانی چاكسازی ژنان و مناڵان و بەرێوەبەرایەتی چاكسازی گەورانی سلێمانی كران.
Top