ئاژانسی پاراستن روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە
لە روونكردنەوەیەکدا، ئاژانسی پاراستن ریپۆرتاژێکی گۆڤارێک رەتدەکاتەوە و رایگەیاندووە، کە "سەرلەبەری ریپۆرتاژەكە سیناریۆیەكی لاوازی درووستكراوە و دەبوایە بەرپرسانی ئەم گۆڤارە بەدواداچوونی زیاتر بۆ كێشەی ئەم هاووڵاتییە بكەن و نەكەونە داوی ئەو هەڵە زەقەوە"، ئاماژە بەوەشدەكەن، كە"ئەم هاووڵاتییە بۆ ساتێكیش لای ئێمە بەند نەكراوە."
لە بەشێكی دیكەی روونكردنەوەكەدا هاتووە، "دوای بەدواداچوونمان دەركەوت، كە كێشەیەكی كەسی پەیوەست بە قەرزداری لەگەڵ چەند كەسێك هەیە و گومان دەكەین ئەم سیناریۆیەی بۆ خۆدزینەوە بێت لە بەرپرسیارەتی گەڕاندنەوەی مافی هاوبەشەكانی."
ئاژانسی پاراستن هەندێك لە میدیاكان بە بڵاوكردنەوەی هەواڵ بۆ مەرامی سیاسی تۆمەتبار دەكات و رایدەگەیەنێت، "بەداخەوە كەسانێك كێشە شەخسییەكانیان ئاوێتەی بابەتی هەستیاری لەمجۆرە دەكەن و جێگەی نیگەرانیشە كە دامودەزگاكانی راگەیاندنیش بەبێ بەدواداچوون و بۆ مەرامی سیاسی ئەم جۆرە بابەتانە بڵاودەكەنەوە."
ئاژانسی پاراستنی هەرێمی كوردستان لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا دەڵێت، "ئێمە لە روانگەی ئەو بەرپرسیارێتییە نیشتمانییە گەورەیەی كە لە ئەستۆماندایە و هەر لە چوارچێوەی ئەو كەشوهەوا ئازاد و دیموكراسییەی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە ، كە پاراستنی بەشێكی گرنگی لە ئەركەكانمانە ، هەموو جارێك بێدەنگیمان نواندووە و پەنامان بۆ یاسا و دادگا نەبردووە."
ئاژانسەکە هەڕەشە دەکات، بەوەی "بەردەوامی بڵاوكردنەوەی ئەمجۆرە چەواشەكارییانە ، دەرهاوێشتەی نەرێنی یاسایی و مۆڕاڵیی بۆ ئێستا و ئایندەی ئەزموونەكەمان لێ دەكەوێتەوە ، بۆیە بە مافی رەوای خۆمانی دەزانیین كە پەنا بۆ دادگا و یاسا ببەین"، چونکە، وەک لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، "چۆن پانتایەكی فراوان بۆ رادەربڕین هەیە ، بە هەمان شێوەش پانتایەكی فراوان بۆ مافی بەرگری لە خۆكردنیش هەیە".
ئاژانسی پاراستن دووپاتی دەكاتەوە، كە " ئەمجارە ئەو مافە بەكاردێنین و ئەو كەس و دەزگایانە رووبەڕووی یاسا دەكەینەوە كە ئەم تۆمەتە ناڕەوایانەیان داوەتە پاڵ ئاژانسەكەمان."
لە كۆتاییدا ئامادەیی خۆیان دەردەبڕن بۆ هاوكاری لایەنە پەیوەندیدارەكانی بواری رەوشی مافی مرۆڤ، تاوكو "رەهەندەكانی ئەم چەواشەكارییانە" باشتر ئاشكرا بكەن.
یەکێک لە گۆڤارەکان راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە، سەبارەت بە بوونی "25 بێ سەروشوێنکراو لە زیندانێکی نهێنی لە زاری یەکێک لە گیراوەکانی" ئاژانسی پاراستن.
رووداو
