سەفین دزەیی: نەوتی كوردستان هەرزانفرۆش نەكراوە

 سەفین دزەیی: نەوتی كوردستان هەرزانفرۆش نەكراوە
سەفین دزەیی دەڵێت بەغدا ئێمەی ناچاكرد نەوت بفرۆشین و جەختیشدەكاتەوە كە نەوتی كوردستان هەرزانفرۆش نەكراوە.

كەمێك پێش ئێستا فەخرەدین قادر، سكرتێری پەرلەمان و سەفین دزەیی، گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانيان سەبارەت بە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆك فراكسیۆنەكان سازكرد كە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی كاربەڕێكەری حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئاشتی هەورامی، وەزیری كاربەڕێكەری سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان ئامادەیی بوون.

لە سەرەتای كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا فەخرەدین قادر رایگەیاند، كۆبوونەوەكە زیاتر لە 5 كاژێری خایاند و گفتوگۆی جیدی لەسەر بابەتەكان كرا.

فەخرەدین قادر ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە وەفدی حكومەت وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارانیان داوەتەوە و وەزیری سامانە سرووشتییەكان روونكردنەوەی پێویستی بە پەرلەمانتاران داوە. گوتیشی "داتای دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت لە ساڵی 2013 بە دۆكیۆمێنت خرايەڕوو".

هەروەها سەفین دزەیی گوتی ئەو بوارانەی قسەمان لەسەر كردن هەستیارن. لە وەڵامی بەرپرسانی بەغداش كە دەڵێن نەوتی كوردستان هەرزانفرۆش كراوە رایگەیاند، بەغدا ئێمەی ناچاكرد نەوت بفرۆشین و جەختیشیكردەوە كە نەوتی كوردستان هەرزانفرۆش نەكراوە.

سەبارەت بە پێكهێنای كابینەی نوێش دزەیی گوتی "لە ماوەیەكی نزیكدا حكومەت پێكدێت".

ئەمڕۆ چوارشەممە 4 حوزەیرانی 2014، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێمی كوردستان بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەی پێشتر پەرلەمانتاران ئاراستەیان كردبوو سەبارەت بە قەیرانی دارایی و پرسی بوودجە و نەوت لەگەڵ شاندێكی حكومی چووە پەرلەمان و بەشداری كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆك فراكسیۆنەكانی كرد.

قوباد تاڵەبانی، جێگری راسپێردرا‌وی سەرۆكی حكومەت بۆ كابینەی هەشتەم و هەریەك لە ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سرووشتییەكان، عەلی سندی، وەزیری پلاندانان، رەشید تاهیر، بریكاری وەزارەتی دارایی، سەفین دزەیی، گوتەبێژی حكومەت و سەعد خالید، رێكخەری پەرلەمان ‌و حكومەت یاوەری نێچیرڤان بارزانی-یان كرد.

جگە لەو شاندە، فوئاد حوسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیش ئامادەی دانیشتنەكەی سەرۆكی حكومەت و سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆك لیژنەكان بوو.









رووداو
Top