نێچیرڤان بارزانی لە پەرلەمان تووڕە بوو
رابوون مەعرووف، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمان، یەكەم پەرلەمانتار بوو پرسیارەكانی ئاراستە كردو پرسیاری لە داهاتی نەوت كرد، بەتایبەتی داهاتی ئەو نەوتەی كە لە سلێمانییەوە بە تانكەر رەوانەی ئێران كراون، كە بە گوتەی خۆی "860 تۆن نەفتای رەش بووەو داهاتەكەی لە 4 ملیار دینار زیاتر بووە".
رابوون مەعروف رەخنەشی لەوە گرت كە عیماد ئەحمەد، جێگری سەرۆكی حكومەت و بایز تاڵەبانی، وەزیری دارایی ئامادەنەبوون.
دوای تەواوبوونی پرسیارەكانی ئەو پەرلەمانتارە، ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سرووشتییەكان نیگەران بوو لە پرسیارەكان و دوایكرد بەوشێوەیە گفتوگۆ نەكەن و گوتی "ئەلحەمدولیلا لە موعارەزە و دەسەڵات نەجاتمان بووەو لە زەمەنی حەملەی هەڵبژاردنیشدا نین، بۆیە دەبێت لەیەك تێبگەین".
دوای ئەویش نێچیرڤان بارزانی گوتی "ناكرێت لەبەر ئەوەی كۆبوونەوەكە راستەوخۆ بۆ بینەران دەگوازرێتەوە موزایەدەی سیاسی بكرێت بۆ ئەوەی خەڵك بڵێن فڵانە كەس باش بەرگریی كرد". گوتیشی "پرسیار ئسوڵی خۆی هەیە و دەبێت دووربێت لە موزایەدە".
روونكردنەوەشی دا لەسەر ئامادەنەبوونی عیماد ئەحمەد و گوتی ئەو لە سەفەرەو بایز تاڵەبانیش نەخۆشە. گوتیشی "كە ئێمە لێرەین وەكو حكومەت لێرەین و لەبری ئەوانیش وەڵام دەدەینەوە، بەڵام دەشكرێت جارێكی دیكە ئەوانیش ئامادە بن".
رووداو
